ھاوڵاتییەكی عەرەب: پێشمەرگە بە ئێمەیان گوت فەرموون ئەوە خانووەكانتان

"ھاوڵاتیان بەھۆی مەترسیی بۆمب و بێ خزمەتگوزاریی ناگەڕێنەوە گوندەكانیان"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك:

ژمارەیەک گوندی عەرەب نشین لە سنووری قەزای داقووقی باشووری کەرکووک لە دەستی داعش رزگار كراون، بەڵام بە ھۆی بوونی بۆمب و نەبوونی خزمەتگوزاریی ھاوڵاتیان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

گوندی ئەلبومحەممەد لە باشووری کەرکووک، ئەو گوندەی کە داعش بێ شەڕ بۆ پێشمەرگە چۆڵیان کرد، ئەو ناوچەیە لە لایەن چەكدارانی داعش بۆمبڕێژكراوە، تا ئێستا پێشمەرگە نەیتوانيوە بڕواتە ناو گوندەكە.

ھاوڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەكە، دەڵێ: "پێشمەرگە بە ھیچ شێوەیەك نەھاتووەتە ناو گوندەكە تا بڵێن خانووی روخاندووە، بەڵكوو لە دەوروبەری گوندەكەیە، ئێستا كە ئێمە لێرە وەستاوین زۆر مەترسیدارە نازانین لە دەروبەرماندا چی ھەیە و كەی بۆمبێك دەتەقێتەوە".

قەدووری محەممەد، ھاوڵاتییەكی بە نەتەوە عەرەبە ماڵەکەی کەمتر لە ٥٠٠ مەتر دوورە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە، بە (كوردستان24)ی گوت: "سێ بەشی گوندەكە لە لایەن فڕۆكەكانەوە خابووركرا، چونكە لە كاتی بۆردوومانکردن چەكدارانی داعش دەچوونە ناو تونێڵەكانەوە و فڕۆكەش بۆردوومانی دەكردن".

گوتیشی: "داعش لە ناوچەكە ھەڵاتن و پێشمەرگە كۆنتڕڵی كردەوە، بە ئێمەیان گوت، فەرموون ئەوە خانووەكانتان بڕۆنەوە سەر خانووەكانتان".

عەقید بورھان جەمال، ئەفسەری پێشمەرگە لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) گوتی: "ئەو گوندانە ھەمووی نەروخاون، بەڵام ئەوەی روخاوە، بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكەكان بووە یان چەكدارانی داعش روخاندوویانە".

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن فەرماندەكانی پێشمەرگە دراوە بە (كوردستان24) تا ئێستا ھێزی پێشمەرگە زیاتر لە 2 ھەزار بۆمبی لەو ناوچە ھەڵگرتووەتەوە كە لە لایەن چەكدارانی داعش دانرابوون، فەرماندەكانی پێشمەرگە داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەن ھاوكارییان بكەن بۆ ھەڵگرتنەوەی بۆمبە چێندراوەكان.

ھەرچەندە ھەفتەی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێکدا پێشمەرگەی تۆمەتبارکرد بە تێکدانی ژمارەیەک گوندی سنووری باشووری کەرکووک، دانیشتوانی عەرەبی ناوچەکە رەتیدەکەنەوە کە گوندەکانیان لە لایەن پێشمەرگەوە رووخێنرابێت و رێگریی كرابێت لە گەڕانەوەیان بۆ گوندەكانیان.