فوئاد مەعسوم داوای پشتیوانی لە وڵاتانی ئیسلامی دەكات

حەیدەر عەبادی: ھێزەكانی عێراق و پێشمەرگە پارێزگاری لە سەروەری و خاكی عێراق دەكەن
kurdistan24.net

K24 - بەغدا:

لە كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ھاریكاری ئیسلامی لە بەغدا، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، چاوەڕێین لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بۆ پشتگیریكردنمان لە وشكردنی سەرچاوەكانی تیرۆریزم، ھەر لەو كۆنگرەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ھێزەكانی عێراق و پێشمەرگە پارێزگاری لە سەروەری و خاكی عێراق دەكەن.

فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق، لە كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ھاریكاری ئیسلامی لە بەغدا رایگەیاند: "ھێزەكانمان و گەلەكەمان بەردەوامن لە سەركەوتنەكان، بەڵام پێویستیمان بە زۆری دیكە ھەیە، كە چاوەڕێین لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بۆ پشتگیریكردنمان، بە ئامانجی وشكردنی سەرچاوەكانی تیرۆیرزم".

گوتیشی: "ھیوادارم ھەماھەنگی زیاتر لە نێوانماندا ھەبێت، بۆ بەرژەوەندی گەلانی ھەموولایەك كە دەبێتە ھۆكاری زامنكردنی باری ئەمنی لە وڵاتەكانمان".

ھەروەھا گوتی: "ئێستا ئێمە رووبەڕووی دەنگۆی ناشیرینكردنی ئیسلام بووینەتەوە، ھەست دەكەین ئەو جۆرە تەكفیریانە كە لە داعش سەرچاوەیان گرتووە، پێویستە بەرەنگاریان ببینەوە و لە بری ئەوە برایەتی و پێكەوەژیان لە ناو مرۆڤەكان بڵاو بكەینەوە، لە ھەمانكاتدا ھەوڵ بۆ لابردنی جیاوازییەكانمان بدەین، لە ناوبردنی داعش پێویستی بە پەیوەندی نێوانمان ھەیە".

ھەر لە كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ھاریكاری ئیسلامی حەیدەرعەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە وتارێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: " داعش بە ملیۆنان كەسی لە خەڵكی عێراق ئاوارە كردووە و بە ھەزارانیشی كوشتووە، چەندان ناوچەی سوننە نشینی وێرانكردووە، ئێمە لە عێراق ھیچ جیاوازی لە سەر بنچینەی ئاین و مەزھەب ناكەین، ھەموو ھاووڵاتیانی پارێزگاكان و ھێزەكانی عێراق و پێشمەرگە بە یەك چاو سەیر دەكەین، چونكە ھەموویان پارێزگاری لە سەروەری و خاكی عێراق دەكەن".

راشیگەیاند: "پیوستە بەسەر ئاستەنگەكان زاڵبین عێراق دركی بەوە كردووە كە ئاستەنگی زۆر ھاتوونەتە پێش بەرقەرابوونی ئاشتی لە ناوچەكە، ھەندێك جار گوتەی نەشیاو زۆر لە چەك كاریگەری زیاتری دەبێت بۆ درز خستنە ناو پێكھاتەكانی عێراق، ئێمە زۆرمان چەشت بە دەست كاری تیرۆری داعشەوە، زۆریش لە لایەن ھەندێك كەس و لایەن ھەوڵدراوە بۆ پڕ چەككردنی داعش لە عێراق و سووریا".

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا عەبادی گوتی: "سوننەكان لە ئەنبار ھاتوونەتە ناو حەشدی شەعبی و شانبەشانی ھێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق شەڕ دژی داعش دەكەن، ھەنگاوێكی باشمان بڕیوە و پێویستمان بە زیاترە".

باسی لەوەشكرد: "رێز لە ھەموو بۆچوونەكان دەگرین پەرلەمان كوتلە و بۆچوونی جیای تێدایە و زۆرجار رەخنەمان لێ دەگیرێت دەخوازین لە وڵاتانی دیكەی ئیسلامی راو بۆچوونی جیاواز ھەبێت".

كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ھاریكاری ئیسلامی، 20 ئەم مانگە لە بەغدا بەشداری نوێنەرانی 40 وڵاتی ئیسلامی دەستی بە كارەكانی كرد، بەھۆی بەشداریكردنی ئێران و سووریا ھەر یەك لە وڵاتانی سعوودیە و قەتەر بایكۆتی كۆنگرەكەیان كردووە.