سكرتێری حدك: كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان مافی چارەی خۆ نووسی ھەیە

مەبەستمانە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی رووبەڕوو بكەینەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدك)، لە بەرنامەی هەڤپەیڤینیی کوردستان24دا، رایگه‌یاند: "حزبی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی رووبەڕوو کردنەوەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی لە بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دەكات".

عەزیزی گوتی: "ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانی لە كۆماری كوردستاندا، بووە ھۆی پتەوكردنی پەیوەندی نێوان كورد لە باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان".

عەزیزی سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین لە رۆژھەڵاتی كوردستاندا ئەوەشی خستەڕوو: "نەتەوەی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان مافی سروشتی خۆیەتی باسی مافی چارەی خۆ نووسین بكات، ئەو پرسە لە رۆژھەڵاتی كوردستان مێژوویەكی درێژی ھەیە".

سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "لە ھەر دوو سەردەمی پاشایەتیی و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، كورد سەرجەم رێگا و میكانیزمەكانی خەبات و گفتوگۆی تاقیكردووەتەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان كەمتر زیانییان بەركەوێت، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 37 ساڵ تەمەنی دەسەڵاتداری خۆییدا، نە تەنیا ئاوڕی لە مافەكانمان نەداوەتەوە، بەڵكو كەشێكی ئەمنی بەسەر رۆژھەڵاتی كوردستاندا سەپاندووە".