ئەحمەد كانی: بەشداریمان لە كۆنگرەی ھەدەپە پەیامی یەكڕیزی ناوماڵی كوردە

"باسی رۆڵی پێشمەرگە و شەرڤانانمان كرد لە رۆژئاوا"
kurdistan24.net

K24 - ئەنقەرە:

بەرپرسی پەیوەندیی عێراقی و كوردستانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بەشداریمان لە كۆنگرەی ھەدەپە پەیامی یەكڕیزی ناوماڵی كوردە و جەختكردنەوەیە لە تەبایی و پێكەوە ژیان.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندییەكانی عێراقی و كوردستانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بەشداریمان لە كۆنگرەی ھەدەپە پەیامی یەكڕیزی ناوماڵی كوردە و جەختكردنەوەیە لە تەبایی و پێكەوە ژیان، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشە و كەموكوڕیيەكان لە نێوان حزبە كورديیەكان".

گوتیشی: "ھەر لە پەیامەكەمانادا ئاماژەمان بۆ ئەوە كرد سەربەخۆی ھەرێمی كوردستان مافی رەوای خۆمانە، بە سەربەخۆی ھەرێمی كوردستان ناوچەكە ئارام دەبێت نەك پێچەوانەوە كە ھەندێك لایەن لێكدانەوەی دیكەی بۆ دەكەن، ھەروەھا باسمان لە رۆڵی پێشمەرگەدا كە بۆ یەكەمجار ئەو ھێزە ھەیبەتی داعشی شكاند، ئاماژەشمان بە رۆڵی پێشمەرگە و شەڕڤانان كرد لە رۆژئاوایی كوردستان".

لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە پارتە سیاسيیەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان بەشداریان لە دووەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) كرد لە ئەنقەرەی پایتەخی توركیا.