پرۆژە یاسای پێناسەی تاوانی سیاسی پەسندكرا

ئەو یاساییە ھیچ خزمەتێك بە بەندكراوانی سیاسی ناكات، بگرە بارودۆخیان ئەستەمتریش دەكات
kurdistan24.net

K24 – تاران:

پرۆژە یاسای پێناسەی تاوانی سیاسی، دوێنێ لە ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران پەسندكرا، بە گوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایە "سووكایەتیكردن بە دەسەڵاتدارانی ئێران" تاوانی سیاسییە، ھاوكات بە گوتەی چاودێران ئەو پڕۆژە یاسایە "كەموكوڕی" ھەیە.

لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان 24، ساڵح نیكبەخت، پارێزە گوتی: "ئەو پڕۆژە یاسایە لە لایەن 20 كەسەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانە كراوە، بەڵام كەموكوڕی زۆری تێدایە و ھەندێك باسی تێدا خراوەتەڕوو، كە بە تاوانی سیاسی ھەژمار ناكرێن".

نیكبەخت گوتیشی: "مێژووی ئەو پڕۆژە یاسایە دەگەڕێتەوە بۆ 107 ساڵ بەر لە ئێستا و سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، ئەو كات باس لەوە كرا پێویستە تاوانی سیاسی لە تاوانی یاسایی جیا بكرێتەوە".

سەبارەت بە پێناسەی تاوانی سیاسی ئەو پارێزەرە گوتی: "كەیسی سیاسی كەیسێكی شەرەفمەندانەیە، تاوانی سیاسی بەو تاوانانە دەگوترێت، یاسا بیسەلمێنێت و قبووڵی بكات، تۆمەتباری سیاسی بە مەبەستی خزمەتكردنی خەڵك، ئەو كارە ئەنجامدەدات، بۆیە بە پێی یاسا دەبێت لە تاوانەكانی دیكە جیا بكرێتەوە و تەنانەت پێویستە ئیمتیازاتێكیشی ھەبێت".

نیكبەخت ئەوەشی خستەڕوو؛ "لە ماوەی 37 ساڵ دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، رەخنەی زۆر لە دەستووری بنەڕەتی ئێران گیراوە، نەبوونی یاسای پێناسەی تاوانی سیاسی وایكردووە، بەردەوام كەیسی سیاسی وەكو كەیسێكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

سەبارەت بە كەموكوڕییەكانی ئەو یاسایە، نیكبەخت گوتیشی: "بە گوێرەی یاسا ئەگەر تۆمەتبار تووندوتیژی ئەنجام نەدابێت، ناچێتە چوارچێوەی تاوانی سیاسییەوە، بۆ وێنە رەخنە گرتن لە بەرپرسانی وڵات یان خۆ پیشاندان، بەڵام ھەر لە سەردەمی بزووتنەوەی سەوزیشدا بینیمان ئەو كەسانەی تەنیا لە خۆپیشاندانەكاندا بەشداریانكردبوو، 2 بۆ 5 ساڵ بەندكرانیان بۆ بڕایەوە، واتە ئەو یاساییە ھیچ خزمەتێك بە بەندكراوانی سیاسی ناكات، بگرە بارودۆخیان ئەستەمتریش دەكات".