خێزانێك چیرۆكی ھەواڵی خنكانی كەسوكاریان لە ئاوی ئیجە دەگێڕنەوە
K24 - سلێمانی:
ھەواڵی نقومبوونی بەلەمی كۆچبەران لە دەریای ئیجە لە نێوان توركیا و یۆنان، پرسەی خستە ناو چەند خێزانێكی كورد، یەكێك لەو خێزانانە كە دوو كەسیان بە ناوەكانی (بەیان ئەحمەد ساڵح ) و (سەھەند یەعقوب ) گیانیان لە دەستداوە، چیرۆكی كۆچی كەسوكاریان و ھەواڵی خنكانيان بۆ كوردستان24، دەگێڕنەوە.
ھاووڵاتیەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "ھەواڵی كەسوكاریان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زانیوە، دوای ئەوەی چەند كەسێك لە خێزانەكەیان بەرەو توركیا بەڕێكەوتوون بۆ ھێنانەوەی تەرمەكانیان".
كچێك كە دایكی لەگەڵ قوربانیانی دەریای ئیجە بوو بۆ (كوردستان24) گوتی: "دایكم گوتی بە رێگەی وشكانی دەڕۆین نەیزانی بە دەریادا دەڕۆن، پێی گوتم زۆر تەلەفۆنم بۆ مەكە قاچاخچیيەكە توڕە دەبێت، دوا پەیوندیمان 20ی مانگ بوو پێی گوتم خۆشمدەوێیت".
گوتیشی: "ئێمە پاسپۆرتی سەفەرمان نیە بۆیە نەڕۆیشتین، پێش رۆیشتنی دایكم ھەمیشە دەگریا، پێمان گوت تۆ بڕۆ كە ئێوە گەیشتن ئێمەش بەڕێدەكەوین".