له ههشت مانگدا 13 قوتابى خۆيان كوشتووه
K24 – مهاباد:
دوای خۆ هەڵواسینی قوتابیەكی كرماشانی، ژمارەی ئەو قوتابیانەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا خۆیان كوشتووە، گەیشتە ١٣ قوتابی.
خوێندن لە سەرانسەری ئێران بە زمانی فارسییە و لە سەرەتای خوێندندا ئەم رستانە فێری منداڵان دەكرێن: باوكە نانی دا، باوكە ئاوی دا، بەڵام دیارە نان و ئاو بەتەنیا هەوێنی ژیان نین.
رۆژی ٣ی رێبەندانی ئەمساڵ، سێزدەهەمین قوتابی لەماوەی ٨ مانگی رابردوودا لە ئاستی سەرانسەری ئێران، لە قوتابخانەیەكی شاری كرماشان خۆی هەڵواسی.
قوتابییەكی پۆلی هەشتەم، بەر لە لێدانی زەنگی پشوودان لە ئاودەستی قوتابخانە خۆی هەڵواسی و كاتی پشوودان، هاوڕێكانی بەسەر لاشەی بێگیانیدا كەوتن.
هاوڕێ، لە شاری شنۆ و كێژۆڵە ١٨ساڵییەكەی بۆكان و هەر دە قوتابییەكەی دیكەی قوتابخانەكانی ئێران هەریەكە و چێرۆكێكی هاوشێوەیان هەیە، بەڵام ئەوەی دەبێ گرنگیی پێ بدرێت، هۆكارەكانە.
لە نێو بێدەنگیی بەپرساندا، ئاژانسی هەواڵی ميهر لەو بارەیەوە پرسیاری لە كۆمەڵناسێك كردووە.
محەمەد ئەلەستی دەڵێت: بە قۆناخێكدا تێدەپەڕین كە ژیانی جیلی نوێ زۆر لە رەوتی سروشتیی خۆی دووركەوتووەتەوە. دیارە لە بواری خۆشگوزەرانی و تەكنۆلۆژیاوە لە پێشە، بەڵام منداڵان تێپەڕین بە تەمەنی سروشتییان لێسەندراوەتەوە.
ئەو دەڵێ، قۆناغی مندڵاڵی خەریكە لەژیانی مرۆڤ دەسڕێتەوە و منداڵان لە ناكاو پێ دەنێننە نێو ژیانی گەورەكانەوە.
ئەلەستی دەڵێ: منداڵان، بێسنوور دەستیان بە زانیارییەكان دەگات و رەنگە هەست بە زۆر شت بكەن، بەڵام هەلومەرجی رووحییان بۆ لێكدانەوەی ئەم بابەتانە ئامادە نییە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە بێت، جگە لە نان و ئاو پێویستە چی دیكە پێویستە بۆ منداڵان دابین بكرێت؟