یەكێتی ئەوروپا: بە بایەخەوە لە ھەرێمی كوردستان دەڕوانین

نێچیرڤان بارزانی: حكوومەتی هەرێم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتیی هەیە

K24 - ھەولێر:

شاندی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عێراق ئەوەیان ختسەڕوو کە یەكێتیی ئەوروپا بە بایەخەوە لە ھەرێمی كوردستان دەڕوانێت.

شاندی نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كرد و رایانگەیاند: "كە یەكێتیی ئەوروپا بە بەیایەخەوە لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەڕوانێ و پەرۆشیی خۆیان بۆ چارەكردنی ئەو قەیرانە داراییە پیشاندا كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە".

ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد: "لە بەرنامەیاندایە دیدار لەگەڵ هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدەن و یەكڕیزیی و چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیشیان بە هاندەرێكی چارەكردنی دۆخەكە وەسفكرد و پشتگیریی خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و كێشە ناوخۆییەكان دەربڕی".

ئەو گوتانەی شاندی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عێراق لە كۆبوونەوەیەكیاندابوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، شاندەكە پێكاھتبوو لە كۆستەنتینۆس ڤارداكس، هەڵسوڕێنەری كاروباری نێردەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عێراق و بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان و كونسڵ و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان.

شاندی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا: "باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی ئەوروپا و عێراق بە شێوەیەكی گشتیی كرد و ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆرستانی داعش و حەواندەنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی هەڵاتوو لە دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان".

لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان: "سوپاسی پشتگیرییەكانی یەكێتیی ئەوروپا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هاوكارییكردنی پەنابەر و ئاوارەكان كرد. هاوکات خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ پشتگیریی یەكێتیی ئەوروپا لە بارەی رووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستان گرتووە، دەربڕی و هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم قەیرانەشی بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا و شەڕی تیرۆرستانی داعش و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی بۆ هەرێم و دابەزینی نرخی نەوت گەڕاندەوە".

راشیگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە پلانێكی چارەسەركردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە داراییە كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بە تایبەتی لە لایەن یەكێتیی ئەوروپاوە لە رووی دابینكردنی هاوكاریی تەكنیكیی و شارەزا و پسپۆرەوە".

نێچیرڤان بارزانی، هیوای خواست هەرێمی كوردستان لە پرۆگرامەكانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عێراق سوودمەند بێت. دووپاتیشی كردەوە كە ئەوان پابەندن بە بنەمای گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكان و ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن.