لە توركیا و باكووری كوردستان 165 گرتووخانە دروست دەكرێن

حكوومەتی توركیا رایگەیاند، كە ژمارەی بەندكراوان لە 15 ساڵی رابردوودا 250% زیاتر بووە

K24- ئیستەنبوڵ:

حكوومەتی توركیا رایگەیاند، كە ژمارەی بەندكراوان لە تورکیا لە 15 ساڵی رابردوودا 250% زیاتر بووە، ھەروەھا لە توركیا و باكووری كوردستان 165 گرتووخانە دروست دەكرێن.

لە ساڵی 2000 لە گرتووخانەكانی توركیا و باكووری كوردستان ژمارەی گیراوان، لە 70 ھەزار بۆ 49 ھەزار كەم بوونەتەوە.

ئێستا لە گرتووخانەكان 179 ھەزار و 611 كەس ھەن، ئەوە لە كاتێكدایە لە گرتووخانەكانی توركیا تەنھا جێگای 180 ھەزار و 176 كەس دەبێتەوە.

یاڤوز یڵدرم، بەڕێوەبەری گشتیی گرتووخانەكانی توركیا ماوەیەك لەمە و بەر لەگەڵ ئەندامانی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ كۆبوویەوە و رایگەیاند: لە گرتووخانەكان تەنھا جێگای 565 كەس ماوە.

یاڤوز یڵدرم گوتیشی: "لە ماوەی 15 ساڵدا، ژمارەی گیراوان لە %250 زیادی كردووە و لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 15 گرتووخانە لە ژێر چاككردندابوون لە ھەمانكاتدا 131 گرتووخانەی بچووك لە ناوچە جیاوازەكانی توركیا داخراون".

هاوکات زەینەب جیرین، سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئیستەنبوڵ دەڵێ: "ئۆپەراسیۆنی دەوڵەت لە باكووری كوردستان زیادبوونی گیراوەکانمان نیشاندەدات"

دەشڵێت: "لە ساڵی 2007 ەوە ھەموو ساڵێك ژمارەی گیراوان زیاتر دەبێت، ئەو كاتەی دەوڵەت ئۆپەراسیۆنی لە شارەكانی كوردستان دەستپێدەكات ژمارەی گیراوان زیاد دەكات، لێدونی میدیایی و ئاشكراكردنی بیر و بۆچوون و كۆبوونەوە و خۆپیشاندان بۆ دەوڵەت دەبێتە ھۆكاری دەستگیرکردنی خەڵكی".

بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە گرتووخانەكانی توركیا 6 ھەزار و 468 ژن و مێرد هەن، ئەمە جگە لە بوونی 2 ھەزار 384 منداڵ لەو گرتووخانانە.