بەھۆی پەنابەرانەوە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنامەیەکی ئەوروپا لە ئارادایە

وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بە نیازن خاڵی پشكنین لە سەر سنووری خۆیان دابنێن

K24 - بروكسل:

وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا بە نیازن خاڵی پشكنین لە سەر سنووری وڵاتەكانیان دابنێن، كە ئەمەش دژی رێككەوتنی  وڵاتانی ئەندامە لە یەكێتیی ئەوروپایە.

بەشێك لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا بە نیازن خاڵی پشكنین لە سەر سنوورەكانیان دابنێن، وەك ھەنگاوێك بۆ رێگەگرتن لە چونی کۆچبەران بە لێشاو بۆ ئەو وڵاتانە.

لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن كۆچبەر كە زۆربەیان خەڵكی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن و باكووری ئەفریقا روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە، سەرەڕای ھاتنی وەرزی زستان و سەختی كەش و ھەوا كۆچكردن بەروە و ئەوروپا بەردەوامیی ھەیە.

كۆچی ئەو ھەموو كۆچبەرە بۆ ئەوروپا بووەتە ھەڕەشە لە سەر ھەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی شنگن لە نێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا .

بڕیار وایە رۆژی چوارشەممە وەزیرانی نێوخۆی 28 وڵاتی ئەندام لەو یەكێتییە بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەیەك كۆببنەوە.

لە دوای شەپۆڵی كۆچبەران بۆ ئەوروپا بەشێك لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا خاڵی پشكنینیان لە سەر سنووری وڵاتەكانیان داناوە لەوانەش ئەڵمانیا و سوێد و فەرەنسا.