زانیاریی لە بارەی كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان

بەشداربوانی كۆبوونەوەكە ھەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستیپێكرد و (كوردستان24) زانیاریی زیاتر لە بارەی كۆبوونەوەكە دەخاتەڕوو.

پەیامنێری (كوردستان24) لە پیرمام لە شوێنی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، قەیرانی ئەبووریی، پرسی ریفراندۆم دەكرێت".

گوتیشی: "جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی و حزبی ئایندە، ھەموو لایەنەكانی دیكە بەشداریان لە كۆبوونەوەكە كردووە".

پەیامنێری (كوردستان24) ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد: "لەسەر بەشداریكردنی ئەو كۆبوونەوەیە ناكۆكی كەوتووەتە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی، لە لایەكی دیكەوە میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان باسیان لەوە كردووە كۆبوونەوەكە بۆ لێدانە لە پەكەكە، بەڵام بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ھەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە و رەخنەیان لەو جۆرە كاركردنەی میدیای گۆڕان گرت، رایانگەیاند، لەو كۆبوونەوەیە باس لە ھیچ لایەنێكی ناكرێت ھاتوون باس لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان بكەن، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە".