كوردانی ئەورووپاش لە چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەدان

"ئەو كۆبوونەوەیە ببێتە خاڵی وەرچەرخان"
kurdistan24.net

K24 - ئەمستردام:

ژمارەیەك لە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و كوردانی نیشتەجێی شاری ئەمستردامی پایتەختی ھۆڵەندا ئەوە دەخەنەڕوو، كە ئەوانیش لە تاراوگە چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان.

سەید عەلی، نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەمستردام بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "وەك لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، دەمێكە چاوەڕوانی ئەو كۆبوونەوەین، ھیوادارین ئەو كۆبوونەوەیە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئەو نەھامەتیانەی لە كوردستان ھەن".

گوتیشی: "لەسەرمان ئەركە ھەموومان یەك دەنگ بین، داوا لە سەركردایەتی خۆمان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین، ھەموویان پێكەوە دانیشن و بتوانن نێو ماڵی كورد رێكبخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بە ھەموومان قەیرانەكان تێپەڕێنین".

عومەر زاوێتەیی، نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەمستردام بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەموو گەلی كورد لە ھەر چوار پارچەی كوردستان ئەمڕۆ چاویان لە كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانە، ھیوادارین ھەموو لایەنە سیاسییەكان ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلابنێن".

ئەوەش خستەڕوو: "زۆرجار شۆڕشەكانی كورد دروستبوونە، بەڵام یەك نەگرتنی كوردان بووەتە ھۆی تێكچوونی شۆڕشەكان، ئەمجارە دەرفەتێكی باش بۆ كورد ھاتووەتە پێش بە تایبەتی لە باشووری كوردستان، زەمینە لە بارە ھەموو لایەك یەكگرتووبن و ریفراندۆم ئەنجام بدەن بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان".