ئێران.. بە دەیان تۆمەتباری مێرمنداڵ چاوەڕوانی لەسێدارەدرانن

73 مێرمنداڵ لە ئێران لەسێدارەدراون و بە دەیانی دیكەش لە بارودۆخی ھاوشێوەدا چاوەڕوانی لەسێدارەدانن

K24 – تاران:

رێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێكیدا نووسیویەتی: "لە ماوەی ساڵانی 2005 بۆ 2015 لانیكەم 73 مێرمنداڵ لە ئێران لەسێدارەدراون و بە دەیانی دیكەش لە بارودۆخی ھاوشێوەدا چاوەڕوانی لەسێدارەدانن".

رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێكی 110 لاپەڕەیی لە ژێر ناوی (گەورەبوون لە سێبەری لەسێدارەداندا) بڵاوكردووەتەوە.

لێكۆڵەرانی گرووپی لێبووردنی نێودەوڵەتی توانیوانە ناو و شوێنی نیشتەجێبوونی49 لەو مێرمنداڵانەی لە ئێران لەگەڵ حوكمی لەسێدارەدان بەرەوڕوون كۆ بكەنەوە، ھەرچەندە ئەو گرووپە لەسەر ئەو بڕوایەن ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە.

ھاوكات ئەو رێكخراوە نووسیویەتی: "تۆمەتی زۆربەی مێرمنداڵە لەسێدارەدراوەكان، كوشتن بووە، ئەوانی دیكەش بە تۆمەتە جۆراوجۆرەكانی وەكوو دەستدرێژی سێكسی، بازرگانی و بەكارھێنانی ماددە ھۆشبەرەكان یان كردەوەی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەسێدارە دراون".

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، ساڵی 2014 رایگەیاند: "ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵە و لە بەندیخانەكانی ئێراندا، چاوەڕێیی لەسێدارەدانن، زیاتر لە 160 كەسن".

ئێران بەرزترین ئاماری لەسێدارەدرانی ھەیە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دوای چین پلەی دووەمی ھەیە.

لەو راپۆرتەدا ئەوەش خراوەتەڕوو؛ "سەرەڕای ھەندێك چاكسازی لە حوكمی مێرمنداڵانی ژێر 18 ساڵ، ئێران لە بواری لەسێدارەدانی مێرمنداڵانە لە پێشەنگ دایە و ھەندێك یاسای وەكوو خۆی ھێشتووەتەوە، بۆ نموونە دەركردنی حوكمی سێدارەی بۆ كچان لە 9 ساڵیی و كوڕان لە 15 ساڵیی دیاریكردووە".

نۆێنەری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە مافی مرۆڤ، ئەحمەد شەھید، لە دوا راپۆرتیدا، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، نێگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەكان لە ئێران دەربڕی.

بە گوێرەی راپۆرتەكەی شەھید لە ماوەی ساڵی 2005 بۆ 2015 زیاتر لە 753 كەس لە ئێران لەسێدارە دراون.