ئێران و ئيتاڵيا چه‌ندين گرێبه‌ستى ئابوورى واژوو ده‌كه‌ن

چەندین گرێبەست بە بڕی زیاتر لە 18 ملیار دۆلار لە نێوان ئێران و ئیتالیادا واژوو دەكرێن.
kurdistan24.net

K24 – رۆما:

چەندین گرێبەست بە بڕی زیاتر لە 18 ملیار دۆلار لە نێوان ئێران و ئیتالیادا واژوو دەكرێن.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكوومەتی ئێرانەوە بڵاویكردەوە، لە ماوەی سەردانی رۆحانی بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، چەندین گرێبەست بە بڕی 18ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژوو دەكرێن.

بە گوێرەی راپۆرتەكەی رۆیتەرز یەكێك لەو گرێبەستانە بۆ دروستكردنی بۆرییەكی گواستنەوەی نەوتە كە درێژییەكەی زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتر دەبێت.

ئەو پڕۆژەیە لە لایەن كۆمپانیای سایپامی ئیتالیاوە جێبەجێدەكرێت و نرخی گرێبەستەكە دەگاتە 5 ملیار دۆلار.

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی دووشەممە بە سەرۆكایەتیی شاندێكی 100 كەسی گەیشتە ئیتالیا و لە لایەن پائۆلۆ جينتیلۆنی  وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێكرا.