قوباد تاڵەبانی: بەھێزكردنی دامودەزگا دارایی و ئابوورییەكان یەكەم ھەنانگاومان دەبێت

كێشە دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان مەترسیدارترین كێشەیە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەھێزكردنی دامودەزگا دارایی و ئابوورییەكانی ھەرێم یەكەم ھەنگاومانە لە ھەوڵەكانمان بۆ سەقامگیركردنەوەی دۆخی ئابووریی كوردستان.

لە كۆنفرانسی راگەیاندنی بڕیارەكانی چاكسازی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "كێشە دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان مەترسیدارترین كێشەیە، كە كوردستان رووبەڕووی بووەتەوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بێباك نەبووە بەرامبەر بەو تەحەدا گەورەییە و ھەموو توانای خستووەتەگەڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی، دەستخۆشی لە فەرمانبەران وەزارەتی دارایی و بووریی دەكەم پلان و ستراتیژیان ئامادەكردووە و دەیخەنەڕوو".

گوتیشی: "چاكسازی لە كەرتی ئابووریی دەبێت لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دەست پێبكات، بەھێزكردنی دامودەزگا دارایی و ئابوورییەكانی ھەرێم، یەكەم ھەنگاومانە لە ھەوڵەكانمان بۆ سەقامگیركردنەوەی دۆخی ئابووریی كوردستان، بە بێ بەرزتركردنەوەی توانای وەزارەتی دارایی ھەرگیز ناتوانین وەك پێویست كوردستان دەرباز بكەین لەو قەیرانە داراییەی كە تووشی بووە".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا گوتی"قۆناغبەندیمان داناوە بۆ چاكسازییەكان وەك سەقامگیركردنی دۆخی ئابووریی و بە دەستھێنانی متمانە، چاكسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و بەھێزكردنی ئیدارەدانی دارایی، ئابووریی وڵات بخەینەوە سەر رێچكەیەكی گەشەكردنی بەردەوام، ھەندێك لە چاكسازییەكانمان ستراتیژی و درێژخایەنن بەڵام ئەمڕۆ كێشەی ئانی و كوشندەمان لە بەردەمدایە".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد: "چاكسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی گرنگە، بەڵام چاكسازی لە كەرتی نەوت و گازیش ئەوەندە گرنگترە، بە تایبەت كە دێتە سەر مەسەلەی شەفافیەت، لامان روونە كە بەرنامەی دەستگرتنەوەی خەرجیەكانمان، بەبێ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی بە تایبەت شەفافیەت لە داھات و خەرجی داھاتی نەوت ناچێتەسەر، بۆیە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نەوت و غاز بڕیارماندا پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەری بكەین لە شێواز و فرۆشتنی نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆی كوردستان، جیا لەو نەوتەی كە بە بۆری ھەناردە دەكرێت".