گێڕانەوەی چیرۆكی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ لە دەمی فەرماندەیەكی پێشمەرگەوە

"ھەڤاڵانی یەپەگە و یەپەژە ھاتنە لامان و زۆر دڵخۆش بوون"
kurdistan24.net

K24 - دھۆك:

فەرماندەیەكی پێشمەرگە وردەكاری یەكەم كاروانی پێشمەرگە بۆ بە ھانەوەچوونی كۆبانێ و دەگێڕێتەوە و باس لە یەكەم ساتی گەیشتنیان بۆ رۆژئاوایی كوردستان دەكات.

لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی تایبەتی (كوردستان24) لە بارەی ساڵیادی رزگاركردنی شاری كۆبانێ لە رۆژئاوایی كوردستان و بە ھانەوە چوونی ھێزی پێشمەرگە لیوا عەبدولقه‌ھار دۆسكی، فەرماندەی پشتیوانی 1 ھێزی پێشمەرگە و یەكەم فەرماندەی سەرپەرشتیاری كاروانی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ رایگەیاند: "لەو كاتەی شاری كۆبانێ لە لایەن چەكدارانی داعش گەمارۆدا و تەنھا یەك گەڕەك لە دەستی كوردان مابوو بارودۆخی رۆژئاوا زۆر خراپبوو، سەركردایەتی كورد لە باشووری كوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان و لایەنی توركیا كۆبوونەوە، بۆ ئەوەی ھێزێك لە باشووری كوردستان بە ھانای رۆژئاواوە بچێتە كۆبانێ".

گوتیشی: "ھێزێكی پێشمەرگە لە لیوای پشتیوانی 1 و 2 دیاركرا بۆ بەھانەوە چوونی كۆبانێ جەنابی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان منی وەك بەرپرسی ئەو ھێزە ھەڵبژاردوو بەرەو كۆبانێ بەرێكەوتین".

لیوا عەبدولقه‌ھار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "لە 28/10/2014، گەیشتینە پرسۆز كە بە دووری 10كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری كۆبانێ، لە بەرەبەیانی 30مانگ لەگەڵ 10 ئەفسەر چووینە ناو كۆبانێ بۆ ئەوەی شوێنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دیار بكەین، ھەڤاڵانی یەپەگە و یەپەژە پێشوازییەكی گەرمیان لێكردین و شەوی دواتر كاروانی ھێزی پێشمەرگە لە شوێنی مەبەست نیشتەجێكران".

لەبارەی بیرەوەرییەكانی ئەوسا لە كۆبانێ ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "كە یەكەم شەو چووینە ناوكۆبانێ بارانێكی بە خوڕ دەباری، ئەوەم ھەرگیز لە بیرناچێتەوە كە ھەڤاڵانی یەپەگە و یەپەژە ھاتنە لامان و زۆر دڵخۆش بوون چونكە ئێمە چەك و تەقەمەنی زۆرمان بردبوو، تەقەمەنیمان پێدان كە زۆر پێویستیان بوو چوونە سەنگەرەكانی پێشەوە".