ئێران: پرۆژە یاسای رێگریكردن لە یارمەتیدانی گرووپە تیرۆریستەكان رەتكرایەوە

یارمەتیدان گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان وەكوو دژایەتی خواوەند پێناسە كراوە و حوكمی سێدارەی بۆ دیاریكراوە
kurdistan24.net

K24 – تاران: 

ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران پرۆژە یاسای رێگەگرتن لە یارمەتیدانی دارایی گرووپە تیرۆریستیەكانی رەتكردەوە، پاساویشی ئەوەیە لە پرۆژەكەدا جیاوازی نێوان تیرۆریست و ئازادیخواز دیاری نەكراوە.

پرۆژەی رێگەگرتن لە یارمەتی دارایی تیرۆریزم لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە ئامادە كرابوو و ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێرانێش ئەو پرۆژەیەی پەسند كردبوو، بەڵام ئەمڕۆ لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانەوە رەتكرایەوە.

 ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور رایگەیاند: "پرۆژە یاساكە ئەو نەتەوە و گروپ و رێكخراوە ئازادیخوازانەی جیا نەكردۆتەوە، كە شەڕ لە دژی داگیركاران و رەگەزپەرەستان دەكەن.  ئەوەش دژی نەریت و بنەما شەرعییەكانی ئیسلامە".

لە پڕۆژە یاساكەدا، یارمەتیدان گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان وەكوو دژایەتی خودا  پێناسە كراوە و حوكمی سێدارەی بۆ دیاریكراوە.

چاودێرانیش پێیانوایە، ھۆكاری رەتكردنەوەی ئەو پڕۆژە یاسایە لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە ئەوەیە، كۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتی حزبوڵڵای لوبنان و حەماس لە فەلەستین و حوسییەكانی یەمەن دەدات و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش ئەو گرووپانە بە تیرۆریست دەزانێت.

پرۆژە یاسای رێگەگرتن لەیارمەتیدانی دارایی تیرۆریزم ساڵی 2011 لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكراو و رادەستی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران كرا. ئەو پرۆژە یاسایە ماوەی پێنج ساڵە لە نێوان ئەو ئەنجوومەنە و ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئەو وڵاتەوە دەستاودەستی پێدەكرێت.