ئیتالیا بە مەبەستی رێزلێنان لە رووحانی پەیكەرە رووتەكانی دادەپۆشێت

"داپۆشینی پەیکەرەکان بە سندووقی سپی، هەنگاوێکە بەرەو خۆبەدەستەوەدان"

K24 – رۆما:

بەرپرسانی وڵاتی ئیتالیا بەمەبەستی رێزگرتن لە سەرۆك كۆماری ئێران و سەردانی بۆ ئەو وڵاتە پەیكەرە رووتەكانی مۆزەخانەی "كاپیتۆلین"ی شاری رۆمای پایەتەختی ئەو وڵاتەیان داپۆشی.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڵاویكردووەتەوە: "سیاسەتمەدارنی ھەر دوو باڵی چەپ و راستی ئیتالیا رەخنەیان لە سەرۆک وەزیرانی وڵاته‌كه‌يان، ماتیۆ رێنزی، گرتووە، چونكە لە دانیشتنەكەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێراندا نە تەنیا هیچ ئاماژەیەکی بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەکردوە، بەڵکوو بە داپۆشینی پەیکەرە رووتەكانی مۆزەخانەی كاپیتۆلین سەری کەلتووری ئیتالیاشی نەوی کردووە".

نوێنەری پارتی راستی (فۆرزا)ی سەربە سیلیۆ بەرلۆسکۆنی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتالیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە "لۆکا سکۆری" گوتی: " ناكرێت و نابێت رێزگرتن لە کەلتوورکانی دیکە ببێتە ھۆی شاردنەوەی کەلتووری خۆمان، ئەو كارە نەتەنیا رێزگرتن نییە، بەڵكو شاردنەوەی جیاوازییەکان و جۆرێک خۆ بە دەستەوەدانە".

جێگری سەرۆکی پارتی یەکێتیی باکوور (باربارا ساڵتامارتینیی) گوتی: "داپۆشینی پەیکەرەکان بە سندووقی سپی، هەنگاوێکە بەرەو خۆبەدەستەوەدان".

سەرۆکی ئەو پارتەش لە ئەکاونتی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی: "ئەمە کارێکی گەوجانەیە".

رێبەری پارتی چەپی (ژینگە و ئازادی)یش گوتی: "دەبێت سەرۆک وەزیران بە هۆی ئەو بڕیارە نادرووستە و داپۆشینی پەیكەرەكان داوای لێبوردن بکات، چونكە بێ بایەخ ئەژماردنی ھونەر و كلتوور، رێزنەگرتنە لە بایەخە جیهانییەکان".

دوای دامەزرانی یەكێك لە بانگەوازەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەناردەكردنی كەلتوور و مەزھەبی شیعە بووە، ئەگەر ئەو رووداوەی رۆماش وەكوو بەشێک لە هەناردەکردنی کەلتووری كۆماری ئیسلامیی ھەژمار بكرێت، ئەوا دەبێت بگوترێت، سەرەتای هەناردەکردنی بۆ ئەوروپا دەستیپێکرد.