بە ڤیدیۆ...سووتانی ماڵێك زیانەكەی بە 120ھەزار دۆلار دەخەملێنرێت

"پارەی سەردەمی رژێمی بەعس لە ماڵەكەدا ھەبووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

بەھۆی شۆرتی كارەباوە ماڵی ئەفسەرێكی خانەنشینكراوی سوپای عێراق لە شاری ھەولێر سووتا، خاوەن ماڵەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، زیانەكانی ماڵەكەی بە بڕی 120 ھەزار دۆلار دەخەملێنرێت.

ئەو ئەفسەرە خانەنشینكراوەی سوپای عێراق، كە بەھۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بووە و لە شاری ھەولێر نیشتەجێیە بە (كوردستان24)ی گوت: "سووتانی كەلوپەلی ماڵەكەم بە بڕی 120ھەزار دۆلار دەخەملێنرێت، پارەی دۆلار و زێرمان لە ناو یەك دۆڵابدابوون پارەكە سووتاوە و زێرەكەش تواوەتەوە".

ھاوسەری خاوەن ماڵەكە بە پەرۆشەوە باسی لە سووتانی كەلوپەلی ناو ماڵەكەی كرد و گوتی: "تەنھا تەلەفزیۆن و ناو ھۆڵەكەمان 50 ھەزار دۆلاری تێچووە، ئێستا تەنھا 25 ھەزار دینارمان ماوە تەنانەت جلوبەرگیشمان ھەمووی سوتاوە".

دراوسێیەكی ئەو ماڵە كە زوو ئاگادار بووتەوە لە ئاگر كەتنەوە لە ماڵی دراوسێكەیان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كاتژمێر 2ی شەو گوێم لە دەنگێك بوو، كە چوومە سەربان دووكەڵی زۆرم بینی و زانیم كە سووتانی ماڵی دراوسێكەمانە، ھەر ئەو كات لە رێگەی تەلەفۆن كارمەندانی بەرگریی شارستانیم لە رووداوەكە ئاگاداركردنەوە".

جگە لەو بڕە پارەیەی لەو ماڵەدا سووتاوە بڕێكی دیكەی پارەی سەردەمی رژێمی بەعس لە ناو ماڵەكەدا ھەبووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە 13 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعس لە عێراقدا تێدەپەڕیووە.