لە ناوچەی سووری ئامەد شەڕ و ئاوارەیی بەردەوامە

لە ناوچەی سووری ئامەد لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی توركیا و چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شەڕ و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن.
kurdistan24.net

K24 - ئامەد:

بە درێژایی شەش مانگی رابردوو لە ناوچەی سووری ئامەد لە باکووری کوردستان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی توركیا و گەریلاکانی (پەكەكە) شەڕ و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن، لەو شەڕەدا تا ئێستا سێ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی توركیا بە گوللـەی قەناس گیانیان لە دەستداوە و 5 دیکەشیان برینداربوونە.

تا ئێستا لە 6 كۆڵانی شاری ئامەد ھاتووچۆ قەدەغەیە، بە ھازاران كەس ماڵیان جێھێشتووە و ئاوارەبوونە.

بەھۆی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ بە ھەزاران كەس ناچار بە ئاوارەیی بوونە و ماڵی خۆیان جێھشتووە، كەمێك شتوومەكی پێویستیان لەگەڵ خۆیان بردووە، ھاوڵاتیانی ئاوارەبوو دەڵێن بەو زستانە شوێن نییە بۆی بڕۆین.

ئەو ھاوڵاتیانەی كە دەرفەتیان ھەبووە، پێداویستییەكانیان بە ئۆتۆمبێل گواستووەتەوە، ئەوانەی دەرفەتیشیان نەبووە پێداویستییەكانیان لە سەر شانیان دەگوازنەوە، ھاوڵاتیانی ئاوارەبوو ناڕازین لە چالاكییەكانی پەكەكە وئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی توركیا.

بۆ ماوەی 57 رۆژە لە 6 كۆڵانی ناوچەی سووری ئامەد ھاتووچۆ قەدەغەیە، ھێزە ئەمنیەكان بە تانك وچەكی قورس لە ناو شار ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن.