باکووری کوردستان.. زیاتر لە "17 ھەزار" حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ تۆماركراون

"بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە 214 ھاووڵاتیی گیانیان لە دەستداوە"
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە شاری ئەمەد رایگەیاند لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە 17 ھەزار حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە باكووری كوردستان ھەبووە، ھەروەھا بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە لە ماوەی شەش مانگدا 214 ھاووڵاتیی گیانیان لە دەستداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئامەد کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە: "لە ساڵی 2015 دا، 17 ھەزار و 640 حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە باكووری كوردستان ھەبووە".

راپۆرتەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە: پێشلكردنی مافی مرۆڤ لە توركیا و باكووری كوردستان لە زیادبووندایە و كوشتن و قەدەغەكردنی ھاتووچۆ ھەڕەشەن بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتیان".

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان 214 ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، ھەر بەو ھۆیەوە ٨٢٢ کەس برینداربوونە، ھەروەھا  ٢٣ ژن، ١٩ منداڵ، ٢٣ كارمەندی ھێزە ئەمنییەكان خۆیان كوشتووە و  423 حاڵەتی توندوتیژیی و ئەشكەنجەدان تۆماركراون".

راجی بیلیجی، سەرۆكی كۆمەڵەی ماڤی مرۆڤ لە ئامەد ئاماژەی بۆ ئەوەكرد کە: "قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە ناو شارەكان پێچەوانەی یاسایە و پێشێلكردنی دەستووری توركیایە".

گوتیشی: "لە بەدواچوونمان بە دوای حاڵەتەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە باكووری كوردستان، سەردانی بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیامان كردووە و داوامان لێكردوون چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە خراپەی مافی مرۆڤ بدۆزنەوە".