ئاشتیی هەورامیی لەبارەی مووچەوە روونکردنەوە دەدات

"وەزارەت هیچ گرێبەستێکی پەیوەست بەم پرسە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا نەکردووە"

K24

ئاشتی هەورامیی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند گرێبەستی لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا نەکردووە، لەسەر بنەمای ئەوەی بێ و بڵێ بە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.

پێشتر لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەواڵی ئەو بڵاوکرایەوە کە گوایە: یەکێک لەو کۆمپانیانەی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە ئەگەر بێت و نرخی نەوت زیاتریش داببەزێ ئەوا ئەو کۆمپانیایە دەتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابینبکات و ئێستایش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەم بارەوە گفتوگۆ دەکات.

لەمبارەوە ئاشتی هەورامیی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سایتی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راشیگەیاند: "ئەمە دەنگۆیە و بنەمای نییە، چونکە وەزارەت هیچ گرێبەستێکی پەیوەست بەم پرسە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا نەکردووە".

دوێنێ بریکاری وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند کە: "حکوومەت مووچەی فەرمانبەران ناکات بە نیوە و دوای بڕیاردان لەسەر پێشنیازەکانی دابەشکردنی مووچە، حکوومەت دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکاتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو و تێچووی شەڕی داعش دووچاری قەیرانی دارایی بووەتوە، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی چەند مانگێکە دواکەوتووە.