ئیئتیلافی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا گه‌یشتووه‌ته سازان بۆ توندكردنی یاساكانی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران
K24 – به‌رلین:
ئیئتیلافی ده‌سه‌ڵاتدار له ئه‌ڵمانیا گه‌یشتوونه‌ته سازانێك بۆ توندكردنی یاساكانی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران، هاوكات سه‌رۆكی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی رایگه‌یاندووه "هێرشكردنه سه‌ر كه‌مپی په‌نابه‌ران زیادیكردووه".
سه‌رۆكی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: "له 2015، راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كان هه‌زار جار هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر كه‌مپی په‌نابه‌ران له ئه‌ڵمانیا".
هۆڵگز مۆنش گوتی: "له ماوه‌ی ساڵێكدا هێرشكردنه سه‌ر په‌نابه‌ران پێنج ئه‌وه‌نده له ئه‌ڵمانیا زیادیكردووه ".
ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌رۆكی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌و سازانه‌ی كه ئیئتیلافی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا پێی گه‌یشتوون بۆ توندتر كردنی یاساكانی په‌نابه‌رێتی له وڵاته‌كه‌یاندا، به‌مه‌به‌ستی دانانی سنوورێك بۆ هاتنی به لێشاوی په‌نابه‌ران كه له ساڵی رابردوودا ژماره‌یان یه‌ك ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه.
زیگمار گابریێل وه‌زیری ئابووریی ئه‌ڵمانیا گوتی: "یه‌كێك له یاساكان ئه‌وه‌یه، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی پارێزگاری سنوورداریان ده‌ستده‌كه‌وێت، ناتوانن تا ماوه‌ی دوو ساڵ خێزانه‌كانیان بێننه لای خۆیان، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی په‌نابه‌رێتیان پێ‌نادرێت به خێرایی دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه".
وه‌زیری ئابووریی ئه‌ڵمانیا زیاتر گوتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی رێوشوێنه‌كانی گه‌یشتنی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌ڵمانیا توندتر ده‌كات، به‌ڵام به‌رلین ده‌یه‌وێت په‌نابه‌رانی سووریا له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران له ئوردون و لوبنان وه‌ربگرێت".
به گوێره‌ی رێوشوێنه نوێیه‌كان، پرۆسه‌ی داواكاریی په‌نابه‌رێتی له‌و وڵاتانه‌ی ناونراون "وڵاته ئارامه‌كان" خێرا چاوی پێدا ده‌كرێت، هه‌روه‌ها پشتیوانی دارایی‌ش بۆ په‌نابه‌ران كه‌مده‌كرێته‌وه.
ئیئتیلافی ده‌سه‌ڵاتدار له ئه‌ڵمانیا بۆ چوونی جیاوازیان هه‌بوو ده‌رباره‌ی توندكردنی رێوشوێنی كۆچكردن، ئه‌وه‌ش بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرژی له نێو ئیئتیلافه‌كه‌دا كه بریتیه له پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كێتی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌سیحی و پارتی دیموكراتی سۆسیالیست.
پێش چه‌ند رۆژێكیش حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا یاسایه‌كی په‌سه‌ندكرد، یاساكه دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ئاسانكردووه كه تاوان ئه‌نجامده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه: جه‌زیره+ئاژانسه‌كان