ئێران: 118 فڕۆکەی ئەیرباس لە فەرەنسا دەکڕێت

بڕیارە ئێران 73 فڕۆکەی گەورە و45 فڕۆکەی بچووکی ئەیرباس لە فەرەنسا بكڕێت

K24 – پاریس:

فەرەنسا و ئێران 20 رێككەوتننامەی بازرگانی و سیاسییان واژۆ كرد و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە ئێران 188 فڕۆكەی ئێرباس بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار لە فەرەنسا بكڕێت.

لە میانەی سەردانەكەی بۆ فەرەنسا، سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا، 20 رێككەوتننامەی سیاسیی و بازرگانییان واژوو كرد، یەكێك لە گرنگترینی ئەو رێككەوتننامانە، كڕینی 188 فڕۆكەی ئێرباس لە لایەن ئێرانەوەیە.

بە گوێرەی رێككەوتننامەكە بڕیارە ئێران 73 فڕۆکەی گەورە و45  فڕۆکەی بچووکی ئێرباس لە فەرەنسا بكڕێت، بە مەرجێك سەرجەمیان نوێ بن و وێڕای خزمەتگوزاریی فڕۆكەخانە و كارگێڕیی ترافیكی ئاسمانیی، فڕوكەوانەكانی ئێرانیش لە لایەن راھێنەرانی فەرەنساوە راھێنانیان پێبكرێت.

سەرۆكی فەرەنسا، فرانسوا ئۆلاند رایگەیاند: "باشتربوونی پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ ئێران بەستراوە بە پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1".

ھاوكات سەرۆكی فەرەنسا گوتی: "دەبێت ئێران رێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ بگرێت و سەبارەت بە پرسی سووریا و لوبنان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم پابەندی رێككەوتنە نێودەوڵه‌تییەكان بێت".