سێ پەرلەمانتاری ھەدەپە مانيانگرت

پەرلەمانتاری ھەدەپە عوسمان بایدەمیر و مەراڵ دانش و ئیدریس بالوكەن، لە وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەستیان بە مانگرتن كرد .
kurdistan24.net

K24 – ئه‌نقه‌ره‌:

پەرلەمانتاری ھەدەپە عوسمان بایدەمیر و مەراڵ دانش و ئیدریس بالوكەن، لە وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەستیان بە مانگرتن كرد و داوایان كرد، كە ئەو بریندارانەی كە بەھۆی شەڕ ئاڵۆزیيەكانەوە لە جزیرە گیریان خواردووە، رەوانەی نەخۆشخانە بكرێن.

 ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد، تاوەكو بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانە نەكرێن، مانگرتنەكەیان بەردەوام دەبێت.

ئەو سێ پەرلەمانتارە روونیانكردەوە، تاوەكو ئێستا لە جزیرە لە 30 بریندار 5 یان گیانیان لەدەستداوە و رەوشی 25ی دیكەش باش نیە و حكومەت لەبری ئەمبوڵانس، تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازی رەوانەی شوێنی رووداوەكە دەكات و بڕیاری دادگای مافی مرۆڤ جێبەجێ ناكات.

وەھا بڵاوكرایەوە، كە دوای ئەوەی بڕیاری مانگرتنیاندا، پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ ئەو سێ پەرلەمانتارە كێشەی تێكەوتووە.

بەرپرسانی حكومەت رایانگەیاند، بەھۆی شەڕو ئاڵۆزیيەكانەوە، ناتوانن ئەمبوڵانس رەوانەی شوێنی رووداوەكان بكەن، بەڵكو دەبێ بریندارەكان خۆیان بگەیێننە جێگای ئەمبوڵانسەكان.