راوێژكارێكی خامەنەئیی: دژی دەوڵەتی كوردستانين و رێگه‌ى لێده‌گرين

ئامانجی ئیسرائیل دامەزراندنی ئێسرائیلی دووەم و تەنانەت سێیەمە لە ناوچەكە

K24 – تاران:

دوای پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، سەبارەت بە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و پاڵپشتی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە، راوێژکارێكی رێبه‌رى كۆمارى ئيسلامى ئێران،عه‌لى خامەنەئی گوتی: "ئێمە ناهێڵێن ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت".

راوێژکاری عه‌لى خامەنەئی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، عەلی ئەكبەر ویلایەتی، لە وەڵامی گوتەكانی وەزیری دادی ئیسرائیل سەبارەت بە پێویستی دامەزراندنی وڵاتێكی نوێ بە ناوی (كوردستان)، ئەویش لە نێوان ئێران و توركیا رایگەیاند: "ئیسرائیل ھەرگیز بەو ئاواتە ناگات".

ئەوە لە كاتێكدایە، ھاوینی ساڵی رابردوو سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد، بواری رێفراندۆم بۆ كوردستان بڕەخسێنن و رایگەیاند: "سایكس بیكۆ كۆتایی پێھاتووە و پێویستە سنوورەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەر لە نوێ دابڕێژرێنەوە".

ویلایەتی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی (ئایدینلیک)ی تورکیادا گوتی: "ئامانجی ئیسرائیل دامەزراندنی ئيسرائیلی دووەم و تەنانەت سێیەمە لە ناوچەكە، وڵاتانی زلھێزیش دەیانەوێت ناوچەكە دابەش بكەن".

ھەفتەی رابردوو وەزیری دادی ئیسرائیل، ئایلەت شاكد، رایگەیاند: "ئيسرائیل پاڵپشتى راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی دەكات و بە نیازە لەو چوارچێوەیەشدا ھاوكاریی باشووری كوردستان بكات".

شاكد گوتی: "پێویستە زۆر راشكاوانە ھەڵویستی خۆمان بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنین، چونكە دەوڵەتی كوردستان دوو وڵاتی ئێران و توركیا لە یەكتر جیا دەكاتەوە و پەیوەندی دۆستانەش لەگەڵ ئیسرائیل پتەوتر دەكات".

ھاوكات راوێژکاری  خامەنەئی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، گوتی: "دابەشبوونی عێراق و توركیا بە ھیچ شێوەیەك روو نادات، ئێران دژی ئەو پرسە دەوەستێتەوە و بەرگری لە یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتانە بە ئەركی ھەمووان دەزانێت".

ويلایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە "پیلانی ئیسرائیل" ناو برد و گوتی: "سیاسەتی ئیسرائیل دابەشكردنی وڵاتانی موسوڵمانی ناوچەكەیە و بەو شێوەیە دەیەوێت لە وڵاتانی موسوڵماندا دووبەرەكی بنێتەوە، بەڵام ھەرگیز بەو ئاواتە ناگەن".

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتریش رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران خامەنەئیی گووتبووی: "دامەزراندنی دەوڵاتی كوردستان پرۆژەی ئیسرائیلە و مەبەستی دابەشكردنی عێراق و ئێران دژی دەوەستێتەوە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانێش، عەلی لاریجانی پێشتر بە كوردستان 24ی راگەیاندبوو: "پێشتیوانی ئێران بۆ باشووری كوردستان تەنیا لە چواچێوەی عێراقی یەكگرتوو دایە".