خوسرەوی ماملێ بەرھەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

"ھۆنراوەی ھێمن موكریانیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

هونەرمەند خوسرەوی ماملێ، لە نوێترین كاری ھونەریدا گۆرانیە بڵاو دەكاتەوە، لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەو گۆرانیەشی وەك ئەوانی دیكە لەسەرئەركی خۆی تۆمار و بڵاوكردوەتەوە.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) ھونەرمەند خوسرەوی ماملێ، رایگەیاند: " بەرھەمە نوێیەكەم گۆرانیەكە بە ناوی (ھەتاوی ھیوا) ھۆنراوەكە ھی شاعیری كۆچكردوو ھێمن موكریانیە، كاری ئاواز و دابەشكردنی لە لایەن سیاوەشی كوڕم كراوە، ھەروەھا ھونەرمەند سەركەوتی مەحموودیان بە ئامێری زەرب بەشداری تێدا كردووە".

گوتیشی: "ئەو گۆرانیە وەك ھەموو گۆرانیەكانی پێشووم لەسەر ئەركی خۆم تۆمار وبڵاوم كردوەتەوە، نە سپۆنسەرم ھەبووە نە ھیچ كەس و لایەن ھاوكاریان كردووم، جگە لەو گۆرانیە چەند سەرقاڵی كاركردنم لە چەند بەرھەمێكی دیکه ھەر كات بۆم كرا تۆماریان دەكەم و بڵاویان دەكەمەوە".

 خوسرەوی ماملێ، لە بارەی ناوی گۆرانیەكە گوتی: "مامۆستا هێمن خۆی ئه‌و سەردێری هۆنراوه‌که‌ی به‌ناوی(زیندە بەچاڵ) نووسیوە، من كردووەمە بە (هەتاوی هیوا) بەو هیوایه‌م رۆژێک هەتاوی هیوای گەلی کورد لە ژێر هەوری رەشدا بێتەدەر و کوردیش وەکو هەموو گەلانی دیكەی جیهان بەختەوەر و بەشادی بژین، وەك ھەر كوردێكی دیكە ئاواتمە گەلی كورد ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ".

خوسرەوی ماملێ، كوڕی ھونەرمەندی كۆچكردوو (محەممەدی ماملێ) یە كە خزمەتی زۆری بە ھونەر و موزیكی كوردی كردووە، خێزانی ماملێ زۆربەیان لە بواری ھونەر رۆڵیان گێڕاوە، خوسرەویش ساڵانێكە گۆرانی دەڵێت چەند بەرھەمێكی تۆماركراوی ھەیە، جگە لە بەرھەمە نوێیەكەی بە نیازی تۆماركردنی چەند گۆرانیەكی دیكەیە.