لە ناوچەی سووری باكووری كوردستان 20 ھەزار كەس ئاوارە بوونە

"220ھەزار كەس زیانیان پێگەیشتووە"
kurdistan24.net

K24 - ئامەد:

بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان، تەنھا لە ناوچەی سووری سەر بە شاری ئامەد 20 ھەزار كەس ناچار بوونە ماڵەكانیان جێبھێڵن و ئاوارەی شار و ناوچەكانی دیكە ببن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری (كوردستان24) لە شاری ئامەد: "شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەی سوور20 ھەزاركەسیان ناچاركردووە، ماڵ و حاڵیان جێبھێڵن و روویان لە ناوچە و شارەكانی دیكە كردووە".

گوتیشی: "لە ئێستا قەدەغەی ھاتووچۆ لە لایەن بەرپرسانی توركیا لە 5 گەڕەكی دیكەی ناوچەی سوور راگەیاندراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆری دیكەی ھاووڵاتیان ئاوارەببن، بەھۆی قەدەغە بوونی ھاتووچۆ زۆر كەس ناتوانن بڕۆن كەلوپەلی پێویست لە ماڵەكانیان بێننە دەرەوە".

ھاووڵاتیەكی دانیشتووی ناوچەی سوور بۆ (كوردستان24) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "سەرەڕای ئاوارەبوون كرێی خانوو بەرزبووەتەوە، ئەو خانووانەی پێشتر كرێیان 400 لیرە بوو ئێستا بووە بە 800 لیرە".

ھەندێك لە ھاووڵاتیان گلەیی لە پەرلەرمانتار و پارتە سیاسییەكان دەكەن و ئەوە دەخەنەڕوو: "كار بەدەست و پەرلەمانتارانی پارتە سیاسییەكان لە ماڵەكانی خۆیان بە بێ خەمی دەخەون، ئاگاداری ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵكە نین لە چ نەھامەتی دەژین".

بە گوێرەی راپۆرتێكی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) : "لەو ناوچانەی شەڕ و ئاڵۆزیان لێیە لە باكووری كوردستان 220ھەزار كەس زیانیان پێگەیشتووە و 93 ھەزار ھاووڵاتی ئاوارە بوونە، ھەروەھا 10 ھەزار و300 دوكاندار زیانمەند بوونە".

نزیكەی شەش مانگە باكووری كوردستان شەڕ و ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، جگە لە شەڕ لە ناوچە سنوورییەكان لە نێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا، لە ھەمانكاتدا ھێرش و تەقە لە ناو شارەكاندا لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و گەنجانی نزیك لە پەكەكە ھەیە، ئەمەش زیاتر رەوشی شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستانی ئاڵۆزتر بووە.