پەرلەمانی بریتانیا سمینارێكی لەسەر پرسی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان رێكخست

پرسەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەردەوام لەسێدارەدرانی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێ خراوە.
kurdistan24.net

K24- لەندەن:

پەرلەمانی بەریتانیا لە لەندەن، بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەكانی ئێران سمینارێكی سەبارەت بە پرسی كورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان رێكخست، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و پەراوێزخستنی ئەو بەشەی كوردستان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە تەوەرە گرنگەكانی ئەم سمینار بوو.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كوردستان 24)، سكرتێری كۆمەڵەی شۆرشگێڕانی رۆژھەڵاتی كوردستان، عەبدوڵڵا موھتەدی رایگەیاند: "ئەو سمینارە لە لایەن رێكخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەكان و رێكخراوی ناوەندی پێشكەوتنی كوردیی لەگەڵ پەرلەمانی لەندەن رێكخرابوو، مەبەستیش لەو سمینارە خستەڕووی كێشەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بوو".

موھتەدی گوتی: "بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی رۆژھەڵاتی كوردستان، بە رادەی ھەر دوو پارچەی باشوور و رۆژئاوای كوردستانە، بەڵام پرسی ئەو پارچەیە پەراوێز خراوە".

سكرتێری كۆمەڵەی شۆرشگێڕانی رۆژھەڵاتی كوردستان گوتیشی: "پێشمەرگە و شەڕ لە دژی داعش باشووری و رۆژئاوای بە جیھان ناساند، بەڵام پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدرانی بەردەوامی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێ خراوە".