سبەی شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

شاندی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ عەبادیی و باڵوێزی ئەمریكا كۆدەبنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، بڕیارە شاندێکی هەرێمی كوردستان سبوی یەکشەممە سەردانی بەغدا بکات.

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە (كوردستان24)ی رایگەیاند: "بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، بڕیارە سبەینێ شاندێکی هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانیی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ حەیدەر عەبادیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ستیوارت جۆنز، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کۆببنەوە و هەمان رۆژیش بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان".

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد: "شاندەکەی ھەرێمی كوردستان جگە لە نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆکی ‌‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان فوئاد ‌حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانیی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رۆژ نووری شاوەیس، بەشدار دەبن لە گفتوگۆی نێوان شاندەکەی ھەرێمی كوردستان و بەغدا".

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆئەوە كرد: "لە كۆبوونەوەكەی نێوان شاندی ھەرێم و بەغدا رەوشی ئاوبووریی و شەڕی داعش و نەوت تاوتوێ دەكرێن".

زیاتر لە دوو ساڵە حكوومەتی عێراق بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی بە بڕیارێكی نووری مالیكیی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بڕیوە.

هاوکات لە كاتێكدا ھێزی پێشمەرگە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ رۆڵی كاریگەری ھەیە لە رووبەڕووبونەوەی چەكدارانی داعش و رزگاركردنی چەندین ناوچە لە دەستی داعش، بەڵام بەغدا تا ئێستا ھیچ ھاوكارییەكی سەربازیی و ماددیی بۆ پێشمەرگە نەناردووە.

وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ: بە‌غدا رێگریش بووە لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی و هاوکاریی راستەوخۆ لە لایەن ھاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە.