ئه‌نقه‌ره: فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی رووسیا ئاسمانی توركیای به‌زاند
K24 - ئه‌نقه‌ره:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، فڕۆكه‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌نگی رووسیا، سنووری ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌ی به‌زاندووه و له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نقه‌ره ئه‌و رووداوه به "هه‌ست نه‌كردن به به‌رپرسیارییه‌تی" وه‌سفكردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 30ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، بۆ گه‌یاندنی ناڕه‌زایی ئه‌و وڵاته به رووسیا، بانگهێشتی باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه له ئه‌نقه‌ره.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاندووه، فڕۆكه‌یه‌كی سوخۆی 34ی سه‌ر به هێزی ئاسمانی رووسیا، رۆژی هه‌ینی كاتژمێر (11:46)، سنووری ئاسمانی توركیای به‌زاندووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا ده‌ڵێت: "رووسیا ده‌یه‌وێت گرژی زیاتر له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته بێته ئاراوه، به‌تایبه‌ت له دوای خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی رووسیا له‌لایه‌ن توركیا".
هه‌روه‌ها ئه‌نقه‌ره جارێكی دیكه داوای له مۆسكۆ كردووه، رێگا به به‌زاندنی سنووری ئاسمانی توركیا نه‌دات له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانه‌وه و له‌و باره‌یه‌وه هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت: "هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه هه‌بێت و هه‌ر رووداوێك رووبدات، له ئه‌ستۆی رووسیایه".