لە ئاكامی نقومبوونی بەلەمێك لە دەریای ئیجە 40 كۆچبەر گیانیان لە دەست دا

بەلەمێك كە 120 كۆچبەری ھەڵگرتبوو لە كەناراوەكانی ئایڤاچیك لە نزیك دوورگەیەکی یۆنان نوقم بوو
kurdistan24.net

K24- هەولێر

بەلەمێك كە 120 كۆچبەری ھەڵگرتبوو لە كەناراوەكانی ئایڤاچیك لە نزیك دوورگەی لیزڤۆزی یۆنان نوقم بوو و لە ئاكامدا 40 كۆچبەر گیانیان لە دەست دا.

سەرۆكی شارەوانیی ئایڤاچیك بە ئاژانسی دۆغانی توركیای راگەیاند: "بەھۆی نقومبوونی بەلەمەكە 40 كەس گیانیان لە دەستداوە 75 كەس رزگاركراون، درەنگانی شەو خەڵك بە دەنگی ھات و ھاواری پەنابەران بە ئاگا ھاتوون و پۆلیسیان ئاگادار كردووەتەوە".

پۆلیسی توركیا كەسێكیان دەستگیركردووە، بە وتەی پۆلیس قاچاخچییە و تاوانباری سەرەكییە لە خنكانی 40 كۆچبەرەکە، بەڵام ئەو کەسە دان بەوە دانانێت و دەڵێ: "بۆ سۆراخی كەس و كارم ھاتووم".

ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێك كۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا و بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 3 ھەزار پەنابەر لە رێگەی كۆچکردن بەرەو ئەوروپا گیانیان لە دەستداوە.

ئەنجێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا لە ھاوینی ساڵی 2015 دەرگای بە رووی پەنابەران كردەوە، ئێستا كەوتووەتە ژێر فشاری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی بۆ رێگەگرتن لە شەپۆڵی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە.

لە دواین لێداونیدا مێركل رایگەیاند: مانەوەی پەنابەران لە ئەڵمانیا كاتییە دوای ئاسایی بوونەوەی باروودۆخی سووریا و نەمانی داعش لە عێراق، ئەو پەنابەرانە رەوانەی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە.