بە ڤیدیۆ.. زانیاری لە بارەی كۆبوونەوە شاندی ھەولێر و بەغدا

"باسی پرسی ریفراندۆم دەكرێت"
kurdistan24.net

K24- بەغدا:

شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێكردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوانی هەرێمی کوردستان و بەغدا.

(كوردستان24) بە ڤیدیۆ ساتەوەختی گەیشتنی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەولێر و بەغدا بڵاودەكاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان24) جگە لە گفتوگۆ لە بارەی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی ریفراندۆم دەکرێ كە مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستانی راگەیاند کە دەبێ ئامادەکاری بۆ رێکخستنی بکەن لەبارەی پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان، بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.

ھەروەھا بڕیارە لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق باس لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ و بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ شاندێكی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد، ئێستا لەگەل سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا لە كۆبوونەوەدان.

بڕیاریشە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆببنەوە.