سنە..كۆنفرانسی كورد و كولتووری نەتەوەكان سازدەكرێت

بە مەبەستی ناساندنی كولتوور و كەسایەتییە مێژووییەكانی كورد لە ئەدەبیاتی نەتەوەكانی دیكەدا كۆنفرانسێكی زانستی لە زانكۆی سنە بەڕێوەدەچێت.

K24 – سنه‌:

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵێنەوەی كوردستانناسی لە زانكۆی سنە، ئومێد قادرزادە، رایگەیاند: "بە مەبەستی ناساندنی كولتوور و كەسایەتییە مێژووییەكانی كورد لە ئەدەبیاتی نەتەوەكانی دیكەدا كۆنفرانسێكی زانستی لە زانكۆی سنە بەڕێوه‌ دەچێت".

قادرزادە گوتی: "بڕیارە ناوەندی لێكۆڵێنەوەی كوردستانناسی زانكۆی سنە بە ھاوكاری ناوەندی ھونەر، كولتوور و ئەدەبیاتی سنە كۆنفرانسێكی زانستی لە ژێر ناوی (كورد و كولتووری نەتەوەكان) لە 15ی شوباتی 2016  بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی و پسپۆری ئەدەبیات سازبكرێت".

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵێنەوەی كوردستانناسی زانكۆی سنە، گوتیشی: "ئەو كۆنفرانسە لە دوو پانێلدا بەڕێوەدەچێت، پەنێلی یەكەم تایبەتە بە كولتوور و شوناسی كورد بە گشتی و پانێلی دووەمیش تایبەتە بە لقەكانی ئەو كەلتوور و شوناسە لە ئەدەبیاتی كۆن و نوێی كوردیدا".

قادرزادە ئەوەشی خستەڕوو: "تەوەرەكانی ئەو كۆنفرانسە زانستیيە پێكدێن لە لێكۆلینەوەی روانگەی رۆژھەڵاتناسییانە بۆ كورد، كورد لە ئەدەبیاتی فارسیدا، كورد لە ئەدەبیاتی كلاسیكی عەرەبدا، كورد لە دەقە ئیسلامییەكاندا و ھەروەھا كەسایەتیی و شوناسی كورد لە ئەدەبیاتی كوردیدا".