مەلا بەختیار:ھەموو لایەك دەیەوێت وا پێشانی بدات خۆی پاكە و ئەوەی دیكە پیسە

شێخ جەعفەر: خەڵك تەماشای كردار دەكات نەك دروشم و قسەكردن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

 بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رەخنە لە ھەندێك بەرپرسی ناو حزبەكەی گرت و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد،ھەموو كەس و لایەك دەیەوێت وا پێشانی بدات خۆی پاكە و ئەوەی دیكە پیسە. لە وەڵامی ئەو گوتانەدا، شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی، خەڵك تەماشای كردار دەكات نەك دروشم و قسەكردن.

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە میانی بەشداریكردنی له‌ مەراسیمی ساڵیادی شەھیدبوونی لیوا شێرکۆ فاتح شوانی، فەرماندە لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وتارێكدا وەك وەڵام بۆ ھەندێك لە سەركردە و بەرپرسانی حزبەكەی رایگەیاند: "قسەی زەرد و سوور زۆرە ھەموو كەس و لایەك دەیەوێت وا پێشانی بدات خۆی پاكە و باقیەكەی پیسە، لە راستیدا ھەموو ئەوانەی كار بە دەست بووین لە حزب و حكوومەت، ھەر یەكە و بە قەد خۆمان كەموكورتیمان بەردەكەوێت، لە جیاتی تۆمەتباركردنی بەرامبەرەكانمان وا باشە ھەموومان بە خۆماندا بچینەوە".

مەلا بەختیار وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە كە پێشتر یەكێتیان بەوە تۆمەتباركردبوو كە ئەو پڕۆژەی بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان داوە بە لایەنە سیاسییەكان ئەوەی داویانە بە پارتی جیا بووە لەگەڵ ئەوەی داویانە بە گۆڕان و لە میدیاكان بڵاویانكردووەتەوە و گوتی: "ئەو پڕۆژەی دراوە بە پارتی ھەمان پڕۆژەمان داوە بە گۆڕان و ھەمان پڕۆژەمان لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوكردوەتەوە، ئەگەر یەك حەرف و فاریزە و نوقتەی جیابوو من لێی مەسئولم".

جەعفەرشێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی ن ک) وەك وەڵامێك بۆ مەلا بەختیار، لە وتەیەكیدا لەسەر ھەمان مینبەر رایگەیاند: "داوا لەو سەركردانە دەكەم كە بەرپرسیارن لەو ناكۆكیانەی كە لە نێو یەكێتی و گەلەكەماندا ھەن با ھەوڵبدەن بۆ چارەسەركردنیان خەڵك تەماشای كردار دەكات نەك دروشم و قسەكردن".

ئەو وەڵام و یەكتر تۆمەتباركردنی ئەو دوو سەركردەی یەكێتی لەسەر كێشەكانی ناو حزبەكەیان لە مەراسیمی ساڵیادی شەھید بوونی لیوا شێركۆ شوانیدا بوو.

شەھید لیوا شێرکۆ فاتح نامیق شوانی، ساڵی ١٩٦٩ لە ناحیەی ماوەت لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٤ چووەتە بەرخوێندن و ھەردوو قۆناغی سەرەتایی وناوەندی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٨٤ بووەتە پێشمەرگە و پلەکانی سەبازی تا پلەی لیوا بڕیوە ورۆژی ٢٨/١١/٢٠١٤ لە شەڕێکی دەستەو یەخەی پێشمەرگە و داعش دا لە تەلوەرد لە گەڵ پۆلێک پێشمەرگە دیكە شەھید بوو.