ئەڵمانەكان داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەنجێلا مێركل دەكەن

بەھۆی هاتنی بە لێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان لە 40% ئەڵمانەكان داوی دەستلەكاركێشانەوەی مێركل دەكەن.
kurdistan24.net

K24

بەگوێرەی راپرسییەك كە لە ئەڵمانیا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری فۆكس بڵاوكراوەتەوە، ھاووڵاتیانی ئەڵمانیا لاوزیی سیاسەتی ئەنجێلا مێركل، راوێژکاری ئەڵمانیا بەرامبەر پەنابەران بە شكست دەزانن، بۆیە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مێرکڵ دەکەن.

بەگوێرەی راپرسییەكە 40% ھاووڵاتیانی ئەڵمانیا بە پێویستی دەزانن ئەنجێلا مێركل بەھۆی دەرگا كردنەوە بە رووی پەنابەران دەستلەكاربكێشێتەوە.

مان فرێد گۆڵنەر، بەڕێوەبەری كارگێڕیی لە پەیمانگای فۆرسە بۆ توێژینەوەی كۆمەڵایەتیی پێیوایە بەردوەوام بوونی ئەنجێلا مێركل لە سیاسەتەكانی باشترە لە دەستلەكاركێشانەوەی، ئەو دەڵێ: "گەر مێرکڵ دەستبەرداری سیاسەتەکانی بێت ئەوا ھاووڵاتیان ئەو ھەلە دەقۆزنەوە و دەنگەكانی لە دەست دەدات، چونكە ھێشتا مێركل ھەواداری باشی ھەیە".

لە ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر روویان لە ئەڵمانیا كرد، دەنگی نارەزایی لە لایەن بەشێك لە ئەڵمانەكان و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بەرزبووەوە، ھەرچەند راوێژكاری ئەڵمانیا ھەوڵی زۆری دا تا وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەشێك لە پەنابەران وەربگرن و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئەوروپا سنوورەكانیان بپارێزن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چوونی پەنابەران بۆ ئەڵمانیا بەردەوامیی ھەیە.