6000 كەس تانەیان لە بڕیاری شورای نیگەھبانی ئێران داوە

"با قبووڵ كراوەكانیش زۆر دڵنیا نەبن"

K24

نزیكه‌ی 6 هه‌زار كاندید بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە فیلتەری ئه‌نجوومه‌نی شورای نیگەھبان دەرنەچوونە، تانه‌یان له‌ بڕیاری ئەو ئه‌نجوومەنه‌‌ داوه‌. ھاوكات شورای نیگەھبان رایگەیاند قبووڵ كراوەكانیش زۆر دڵنیا نەبن.

 ئەندامی پارێزەرانی ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان، نجاتوڵڵا ئێبراھیمیان رایگەیاند: "نزیكەی 6 ھەزار كاندیدی رەتكراوە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران تانەیان لەو بڕیارەی ئەنجومەنی شورای نیگەھبان داوە، ئێستا ئەو ئەنجوومەنە سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە فایلەكانیان".

ئیبراھیمیان گوتی: "ھەرچەندە كارێكی دژوارە، بەڵام ئێمە لەسەر پێداچوونەوە بەردەوامین".

زیاتر لە 12 ھەزار كەس بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆیان کاندید کردبوو، لەو ژمارەیە تەنیا 42%یان قبووڵكراون.

 ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكی ناوەندی ھەڵبژاردن لە ئێران پێشتر رایگەیاند: "593 كاندید لە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن پاشگەزبوونەتەوە و شورای نیگەھبان بەشداریی 6 ھەزار و 753 كاندیدی قبووڵكردووە".

هاوکات دەستەی چاودێریی ھەڵبژاردن لە ئێران رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسا 20 رۆژ مۆڵەت دیاریكراوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن نارازییەكان بۆ پێداچوونەوە بە كەیسەكانیان لە لایەن شورای نیگەھبانەوە".

نجاتوڵڵا ئێبراھیمیان، ئەندامی پارێزەرانی شورای نیگەھبانی ئێران گوتیشی: "20 رۆژ بۆ پێداچوونەوەی ئەو ھەموو سكاڵایە كەمە، بەتایبەت لەم خوولەی ھەڵبژادندا كە ژمارەی بەشداربوان چاوەڕوان نەكراو بوو، سروشتییە ژمارەی رەتكراوەكانیش زۆر بێت و بێگومان دەستەیەكی 12 كەسیی لە ماوەی 20 رۆژدا توانای پێداچوونەوەی ئەو ھەموو سكاڵایە نییە".

ئیبراھیمیان ئەوەشی خستەڕوو: "چ ئەو كەسانەی لە لایەن دەستەی چاودێرییەوە رەتكراونەتەوە و چ ئەوانەش كە قبووڵکراون، باش بزانن لەوانەیە بڕیاری شورای نیگەھبان لە بارەی چارەنووسیان بۆ بەشداریكردن یان بەشدارینەكردنیان بگۆردرێت".

سەرۆك كۆماری ئێران پێشتر ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر رەتكرانەوەی كاندیدەكانی سەر بە ریفۆرمخوازان دەربڕی و گوتی: "ئەگەر بڕیارە تەنیا یەك لایەن لە ھەڵبژاردندا بەشدار بێت، پێویست بە ھەڵبژاردن ناكات".

هاوکات حوسین مەرعەشیی، ئەندامی شورای سیاسەتدانەری ریفۆرمخوازان رایگەیاند: "لە نێوان 3 ھەزار كاندیدی ریفۆرمخواز تەنیا 30 كەسیان بە فیلتەری شورای نیگەھباندا دەرچوون، ئەویش دەكاتە تەنیا 1%".