ژاوێن شاڵی: قەیرانی دارایی و رامیاری چالاكیيه‌ ئەدەبیيه‌كان و چاپكردنی كتێبى لاوازكردووە

"قەیرانی دارایی كاريگه‌رى راستەخۆی كردووەتە سەر كایەكانی رۆشنبیری"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

ئەندامێكی دەستەی بەڕێوبردنی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، قەیرانی دارایی و رامیاری ھەموو چالاكی ئەدەبی و چاپكردنی لاوازكردووە.

لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان 24دا ژاوێن شاڵی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەردنی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ رایگەیاند: "بەھۆی قەیرانی دارایی و رامیاری كایەكانی رۆشنبیری زیانی راستەوخۆیان بەركەوتووە و ھەموو چالاكی ئەدەبی و چاپكردنی لاوازكردووە".

گوتیشی: "بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو كە ئەو كات دەزگا و ناوەندە رۆشنبیرییەكان چەندین چالاكیان ئەنجامدەدا و چەندين كتێبی جیاجیایان چاپ دەكرد، بەڵام ئەمساڵ قەیرانی دارایی و سیاسی ھەموو ئەو پڕۆژانەی وەستاندووە".

لە بارەی فیستیڤاڵی گەلاوێژ و چالاكییەكانی دیكەیان ژاوێن شاڵی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ساڵانی پێشتر لە كاتی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی گەلاوێژ چەندین كتێبی باشمان چاپ دەكرد و میوانی بیانمان لەسەر ئاستی جیھان بانگهێشت دەكرد، بەڵام ئەمه‌ دوو ساڵە نەمانتوانی وەك پێویست ئەوە بكەین".