دیندار زێباریی: رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەپێی پێویست ھاوكاری ئاوارەكان نین

ماوەی ساڵ و نیوێكە ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی عەرەب لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن
kurdistan24.net

K24ـ هه‌ولێر:

دیندار زێباریی، سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند ماوەی ساڵ و نیوێكە ژمارەیەكی زۆر عەرەب ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە کەچی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەپێی پێویست ھاوكاری ئاوارەكان نین.

دیندار زێباریی بە کوردستان 24 ی گوت: "رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ھیچ رۆڵێك و رەنگدانەوەیەكیان نەبووە، ماوەی ساڵ و نیوێكە نزیكەی 670 ھەزار ئاوارەی عەرەب لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن بەھۆی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكانیان لە لایەن داعشەوە".

هاوکات مەحموود خەلاف، كە ئاوارەیەكی عەرەبە لە شاری مووسڵەوە هاتووەتە هەولێر دەڵێ: "ئێمە دەخوازین بگەڕێینەوە پارێزگاكەمان، ساڵ و نیوێكە ئێمە لە خیوەت دەژین، ھەرێمی كوردستان ھاوكاریی ئێمەی كردووە، بەڵام ئەو ژمارە زۆرە لە توانای ھەرێم نەماوە، حكوومەتی ناوەندیی نە ھاوكاریی ئێمە و نە ھاوكاریی ھەرێم ناكات، ئێمە پەشیمانین دەنگمان بە نوێنەرانی سوننە داوە".

دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر چەند ناوچەیەك لە باکوور و ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق گرت، ژمارەیەكی زۆری دانیشووانی ئەو ناوچانە پەنایان بۆ ھەرێمی كوردستان بردوو و ئێستا نیشتەجێی شارەکانی کوردستانن.