حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاره‌ى پترۆ دۆلار به‌ كه‌ركووك ده‌دات

سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك: ئێمه‌ هیچ زانیاریمان له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نیه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دواى ساڵێك له‌ فرۆشتنى به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك بڕیارى دا بڕى 10 ملیار دینار له‌ پاره‌ى پترۆ دۆلار به‌ پارێزگاى كه‌ركووك بدات.
سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و گاز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئه‌و زانیاریانه‌ى پشتڕاست كرده‌ووه‌. به‌ڵام سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ڵێت: "ئێمه‌ هیچ زانیاریمان له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نیه‌ كه‌ بۆ پارێزگاى كه‌ركووك ره‌وانه‌ كراوه‌، پارێزگاى كه‌ركووكیش كه‌وتووه‌ته‌ بن بارى ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام له‌ بانكه‌كاندا پاره‌ نیه‌ پێیان بدرێت".
پێشتر رێكه‌وتنێك له‌ نێوان پارێزگارى كه‌ركووك، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئیمزا كراوه‌، به‌ گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ بڕى فرۆشتنى هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك 2 دۆلار به‌ ئیداره‌ى پارێزگاى كه‌ركووك بدات.
پێشتریش به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ره‌خنه‌یان له‌وه‌ ده‌گرت كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌وتى كه‌ركووك هه‌نارده‌ ده‌كات، به‌ڵام پاره‌ى پترۆدۆلارى پێ نادات.
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان داواى پاره‌ى پترۆدۆلاریان كردووه‌ له‌ حكومه‌تى عێراق كه‌ دوو ساڵه‌ نه‌نێردراوه‌، به‌ڵام به‌غدا ئه‌وه‌ى پێیان راگه‌یاندووه‌، "بڕۆن داواى مافى خۆتان له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن".
رێبوار ته‌ها، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ كوردستان 24 گووتى: "ئێمه‌ نابێت ته‌نها ته‌ئكید له‌سه‌ر پاره‌ى پترۆدۆلار بكه‌ین، ده‌بێت ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر پاره‌ى نه‌وته‌كه‌ بێت، چاره‌نووسى ئه‌و پاره‌یه‌ چی لێهاتووه‌، ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان روونكردنه‌وه‌ى ته‌واو بدات له‌و باره‌یه‌وه‌".
گوتیشى: "من پێم وایه‌، حكومه‌تى ئیتیحادیش بێ ده‌نگ نابێت له‌وه‌ى، ئێستا كه‌ پاره‌ى نه‌وتى كه‌ركووك له‌ لایه‌ن حكومه‌تى كوردستانه‌وه‌ ته‌سه‌روفى پێ ده‌كرێت".
به‌ پێى رێككه‌وتنێك له‌ نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقدا له‌ ساڵى 2014 ده‌بوو حكومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ 300 هه‌زرا به‌رمیل نه‌وتى خۆى و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكات، داهاته‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ حوزه‌یرانى ساڵى 2015 كۆتایى پێ هاتووه‌.