سوپای پاسداران: زانیاری زۆرمان لەسەر ئەمریكا دەستکەوتووە
K24 – تاران:
فەرماندەی هێزی دەریاوانیی سوپای پاسدارانی ئێران، عەلی فەدەوی رایگەیاند: "زانیاریی زۆرمان لە مۆبایل و لاپتۆپی ١٠ سەربازە بەدیل گیراوەکەی ئەمریکاوە دەست کەوتووە".
عەلی فەدەوی گوتی: "سەربازە ئەمریكییەكان سنووری ئاوی ئێرانیان بەزاند و ئێمەش خێرا دەستبەسەرمانكردن، ئەوان بەنیاز بوون بەرەو دوورگەی عەرەبی بڕۆن، بەڵام ماتۆڕی گەمییەكانیان لەكار كەوتبوو، شەپۆلی ئاوەكەش بووە ھۆی ئەوەی چەندین مەتر بێنە ناو ئاوی ئێرانەوە".
فەدەوی گوتیشی: "ئەمریکییەکان، بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازە دەست بەسەرکراوەکان بە مایەی شەرمەزاری دەزانن، بەڵام ئەگەر ئەو بەڵگانە بڵاو بکەینەوە كە دەستمان كەوتوون، ئەوەندەی دیکە سەرشۆڕیی ئەوان دەردەکەوێت".
فەرماندەی هێزی دەریاوانیی سوپای پاسداران ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە چوارەمین جارە سەربازانی ئەمریکایی و بەریتانی دەستبەسەر دەکەین".
لە درێژەی قسەكانیدا ئەو بەرپرسە گوتی: "ئەگەر ئەمریكا سووكایەتی بە ئێران بكات، بێگومان فیلمەكان بڵاودەكەینەوە و زیاتر خەجاڵهتباریان دەكەین".
سوپای پاسدارانی ئێران له ١٢ی تشرینی دووەم/ نۆڤهمبهرى ساڵى رابردوودا، ١٠ سەربازی ئەمریکایی لە ئاوەکانی کەنداو بە تۆمەتی بەزاندنی سنوورەکانی ئێران دهستبهسهركرد و دوای 48 كاتژمێر ئازادی کردن.
رۆژێك بەر لەم لێدوانە، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەئی، وەكوو پێزانینێك بۆ دهستبهسهركردنى سەربازە ئەمریکییەکان، مەدالیای سەرکەوتنی پێشکەش بە عەلی فەدەوی و چوار فەرماندەی دیکەی سوپای پاسداران کرد.