"سه‌ردانى داوودئۆغڵۆ بۆ سعووديه‌ كاريگه‌رى له‌سه‌ر پرسى ناوچه‌كه‌ ده‌بێت"

سەردانەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بۆ سعوودیه ‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ شا سەلمان عەبدولعەزیز، كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر كێشەی هەرێمایەتی.
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بۆ سعوودیه ‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ شا سەلمان عەبدولعەزیز، كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر كۆمەڵێك كێشەی هەرێمایەتی، بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌ كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و گفتوگۆكانی جنێڤ ٣ی تایبەت بە دانووستانی لایەنەكانی سووریا.

زێدەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین نزیكترین دۆست و هاوپەیمان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەسەرجەم پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان هاوهەڵوێستن، توركیا و سعودیەن.

سەردانی ماوەیەك لەمەوبەری سەرۆك كۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەردانی ئەمجارەی سەرۆك وەزیران، ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ ریاز و كۆبونەوەی لەگەڵ شا سەلمان و بەرپرسانی دیكەی سعوودیە، نامەیەكە بۆ ئێران و هەندێك وڵاتی ناوچەكە و كاریگەری راستەوخۆشی هەیە لەسەر گفتوگۆكانی جنێڤ ٣.

هەرچەندە وەزیری دەرەوەی سعوودیە رۆڵی وڵاتەكەی لە جنێڤ ٣ تەنیا بە راوێژ و هاوكار دەبینێت، بەڵام نایشارێتەوە كە بێ دوورخستنه‌وه‌ی بەشار ئەسەد له‌ ده‌سه‌ڵات، كێشەكان لە سووریا چارەسەرنابن.

عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، له‌و باره‌يه‌وه‌ رايگه‌ياند،

ئێمە پشتگیری هەنگاوەكانییان دەكەین، سعوودیە پشتگیری هەر بڕیارێك دەكات كە ئۆپۆزيسیۆنی سوریا بیدات، بەڵام پێویستە ئەسەد دەسەڵات جێبێڵێت.

سەردانە سێ رۆژییەكه‌ی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ ریاز هەوڵێكە بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییە سیاسییەكانییانی نێوان ئەنقەرە و ریاز.