نەتەوەیەكگرتووەكان: عێراق پێویستی بە زیاترلە 4 ملیار دۆلار ھەیە

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند: عیراق بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە مرۆیە پێویستی بەزیاتر لە 4 ملیار دۆلار ھەیە.
kurdistan24.net

K24 - بەغدا:

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، عێراق بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە مرۆیە پێویستی بەزیاتر لە 4 ملیار دۆلار ھەیە.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان راشیگەیاند: بۆ كاتی ئێستا عێراق پێویستی بە 861 ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەوەی باری ئەو وڵاتە سوكتر بێت.

جاسم محەممەد جاف وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق داوای ھاوكاری دارایی دەكات بۆ عێراو، چونكە بوودجەی عیراق زۆر لە كورتى داوە.

جاسم محەممەد گوتی: "نرخی نەوت زۆر دابەزیووە لەوەتەی حكوومەت پێكھێنراوە، پێشوتر نرخی یەك بەرمیل نەوت 60 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت 30 دۆلارە، عێراق ئێستا بە ھۆی راگواستن و دەربەدەر بوونی ھاووڵاتیانی قەیرانەكانی زیاتر بووە، پێویستە وڵاتان دەستی ھاوكاری بۆ عێراق دابین بكەن".

لیزا گران رێكخەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق پێی وایە كێشە مرۆییەكانی عێراق لە داھاتوودا قوڵتر دەبنەوە.

لیزا گران دەڵێت: "لەگەڵ دەستپێكردنی ھەڵمەتی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و ئەنبار، ژمارەی ئەو كەسانەی رووبەڕووی كێشە و مەترسی دەبنەوە، رەنگە بۆ 12 تا 13 ملیۆن كەس بەرزببێتەوە، چونكە ئێستا زیاتر لە 50 ھەزار كەس لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدان دەیانەوێت رابكەن، ھەروەھا ئێمە ئاگادارین سەدان ھەزار كەس گەمارۆ دراون ناتوانن رزگاریان بێت".

حكوومەتی عێراق بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی راگەیاندووە: لە ئێستادا عێراق دەتوانێت تەنھا ھاوكاری نیوەی ئەو كەسانە بكات.