سنە لە ئاماری تووشبوان بە شێرپەنجە یەكەمی ئێرانە

"لەكوردستان شێرپەنجە بنەمای بۆماوەیی ھەیە، بۆیە لەھەر حاڵەتێكدا رێژەكە بەنیسبەت ناوچەكانی دیكەی ئێران ھەر بەرزترە".
kurdistan24.net

K24 – سنە:

ئێران لەریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەیان ھەیە، ھاوكات بەرزترین ئاماری تووشبووان بە شێرپەنجە لە سنه‌ تۆمار كراوه‌.

بە گوێرەی راپۆرتێكی زانكۆی پزشكی سنە، شێرپەنجە تەنگی بە ھاووڵاتیانی ئەو پارێزگایە ھەڵچنیوە و لە نێویشیاندا شێرپەنجەی پێست یەكەمە.

جێگری بەڕێوبەری زانكۆی پزشكی سنە، فەرزاد بیدارپوور، رایگەیاند: "241 كەس لە سنە تووشی شێرپەنجەی پێست بوون، واتا لە ھەر 100 ھەزار كەس 97 كەسیان گیرۆدەی ئەو نەخۆشییەبوون".

بە گوتەی ئەو بەرپرسە دوای شێرپەنجەی پێست، بە ریز شێرپەنجەی گەدە، شیرپەنجەی مەمك پلەی دووەم و سێیەمیان لە پارێزگای سنە ھەیە.

بیدارپوور گوتی: "ساڵی رابردوو 1535 كەس لە پارێزگای سنە تووشی شێرپەنجە بوون و لەو ژمارەیەش 886 كەسیان پیاو و 649یان ژنن".   

پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجە، بایەزید قادری، بە رۆژنامەی شەھروەندی راگەیاندووە: "لەكوردستان شێرپەنجە بنەمای بۆماوەیی ھەیە، بۆیە لەھەر حاڵەتێكدا رێژەكە بەنیسبەت ناوچەكانی دیكەی ئێران ھەر بەرزترە".

بایەزید قادری گوتی: "ھۆكارێكی دیكەی بەرزبوونی شێرپەنجە لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پێستی كوردەكان و ژیانی كشتوكاڵی ئەوان، بەڵام بەرپرسانی كەرتی تەندروستی ئێران ھەوڵدەدەن ئەو رێژەیە لەئێران بەگشتی و پارێزگای سنە بەتایبەتی كەمبكەنەوە".

پسپۆڕانی تەندرووستی لەسەر ئەو بڕوایەن: "پێویستە لە منداڵییەوە پێشگیری لەو نەخۆشییە بكرێت، بۆ ئەوەی لە گەورەییدا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەمبێتەوە، ئەوەش بەگۆڕینی سیستەمی ژیان و كەڵك وەرگرتن لەمیوە و سەوزە، چالاكی وەرزشی، دوور كەوتنەوە لە كێشانی جگەرە و قەلیان دەكرێت".

لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش ئەگەرچی بەرپرسانی وەزارەتی تەندرووستی ئێران باس لەوە دەكەن، ھەرچەندە ئێران لەرووی زانستی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لەئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیھاندایە، بەڵام بەمحاڵەشەوە پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان كە لەریزبەندی یەكەمی زۆرترین تووشبووانی ئەو نەخۆشییە كوشندەیەدان، تاكوو ئێستا نەخۆشخانەیەكی پسپۆڕیی تایبەت بە شێرپەنجەی تێدا نییە.