رۆژنامەنووسانی بێسنوور بە شتانمایەردا پەیامێك بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران دەنێرن

ھاوكات ئێران لەنێوان 180 وڵاتی جیھاندا، لەرووی پێشێلكاری مافی مرۆڤ پلەی 173یەمی بۆ خۆی دەستەبەركردووە.

K24 – بەرلین:

پەیامنێرانی بێسنوور لەراگەیاندراوێكدا داوایانكردووە، شتانمایەر بەڕوونی باسی پێشێلكردنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە ئێران بكات و بەرامبەر فشارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر رۆژنامەنووسان بێدەنگ نەبێت.

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڤالتێر شتانمایەری دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی ئێران بكات و دواتریش بچێتە ریازی پایتەختی سعوودیە.

لە راگەیەنراوەكەی رۆژنامەنووسانی بێسنووردا ھاتووە: "سەرەڕای بەڵێنەكانی، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵ دەسەڵاتداری حەسەن رووحانییدا، گۆڕانێكی ئەوتۆ لە باشتربوونی بارودۆخی رۆژنامەنووساندا پێكنەھاتووە".

بەرێوبەری جێبەجێكاری پەیامنێرانی بێسنوور، كریستیەن میر گوتی: "ئێستا كە ئێران بەرھەمی رێككەوتنی ناوكیی دەخوات، ھیچ پاساوێكی بۆ ده‌مكوتكردنی رۆژنامە رەخنەگرەكانی نەماوە".

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەنووسانی بێسنوورھەر لەسەرەتایی ھاتنە سەر كاری حەسەن رووحانی تا ئێستا، لانیكەم 11 رۆژنامە داخراوە و زیاتر لە 50 رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەستبەسەركراون.

ھاوكات ئێران لە نێوان 180 وڵاتی جیھاندا، لەرووی پێشێلكاری مافی مرۆڤ پلەی 173یەمی بۆ خۆی دەستەبەركردووە.

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە بەیاننامەكەیاندا رەخنەیان لە رووحانی گرتووە و نووسیویانە: "پێش ھاتنەسەر كاری رووحانی بە ناوی ئینته‌رنێتی ميللی سانسۆر دەخرايه‌ سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام ئێستا و لەسەردەمی رووحانییدا بەناوی فیلتەرینگی ھۆشمەند ئەو سانسۆرە چڕتر بووەتەوە".

رەوشی مافی مرۆڤ و بارودۆخی خراپی رۆژنامەنووسان وایكردووە، رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی ئازادی رۆژنامەگەری، پەیامەكانیان لەرێگەی سەركردەكانی جیھان بە بەرپرسانی ئێرانی بگەیەنن، بەڵام دیار نییە دۆخی ئەمنی ناوچەكە و بەرژەوەندییە ئابوورییەكان رێگا دەدەن، داواكەی رێكخراوی پەنابەرانی بێسنوور بگات یان نا.