ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز: چارەسەری خێرا كۆنتڕۆڵكردنی دارایی حكوومەتی ھەرێمە

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: تا لەگەڵ بەغدا بووین خۆشتر دەژیاین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی كوردسان رایگەیاند، چارەسەری خێرا كۆنتڕۆڵكردنی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، پەرلەمانتارێكی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز رای وایە، ھەموو ئاماژە و ژمارەكان ئەوەمان پێدەڵێن تا لەگەڵ بەغدابووین خۆشتر دەژیاین.

لە لێدوانێكی تایبەت بە (كوردستان24) شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "چارەسەری خێرا گەڕانەوە بۆ بەغدا یان ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە، بەڵكو چارەسەری خێرا كۆنتڕۆڵكردنی داھاتی گومرگەكانە، ھەروەھا چارەسەری خێرا كۆنتڕۆڵكردنی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

عزەت سابر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەموو ئاماژە و ژمارەكان و داتاكان ئەوەمان پێدەڵێن تا لەگەڵ بەغدابووین خۆشتر دەژیاین، ئەوە بۆچوونی رەھا نیە، بەڵام داتاكان وامان پێدەڵێن، ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان دەوڵەت نین نابێ ھەڵسوكەوتی دەوڵەت بكەین".

ھەر لەسەر ئەو پرسە عەبدوڵڵا مەلا نوری، كادیری باڵای بزوتنەوەی گۆڕان گوتی: "چارەسەری خێرا و دەستووریی و سیاسی گەڕانەوەیە بۆ عێراق، بیرمان نەچێت تا ئێستا ئێمە بەشێكین لە دەستوورو سیاسەت و ئابووریی عێراق، بۆیە گەڕانەوە بۆ عێراق چارەسەرێكی خێرایە، بەوپێیەی عێراق وڵاتێكی پێگەیەكی نێودەوڵەتی ھەیە".