بڕی كاڵا ھەناردەى ئێران لە مه‌رزى میھرانەوە بۆ عێراق زیاتر لە ملیارێك دۆلار بووە

.زیاتر لە 2 ھەزار كرێكار و بازرگان لە سنووری میھرانى سه‌ر به‌ پارێزگاى ئيلام له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان چالاكییان ھەیە

K24 – ئیلام:

بەڕێوبەری گشتی گومرگی پارێزگای ئیلام لە رۆژھەڵاتی كوردستان، خەلیل حەیدەری رایگەیاند: "ساڵی رابردوو بە بڕی ملیارێك و 225 ملیۆن دۆلار كاڵا لە مه‌رزى ميهرانه‌وه‌ ھەناردەی عێراق كراوە".

حەیدەری گوتی: "بەرھەمە كشتوكاڵیيەكانی وەكوو تەماتە، پەتاتە، پیاز و كەرەستەكانی بیناسازی وەكوو چیمەنتۆ، كاشی و خشت لە گرنگترین ئەو كاڵا و كەلوپەلانه‌ن كە ھەناردەی عێراق كراون".

حەیدەری گوتیشی: "بوونی ئیدارەی گشتی گومرك لەسەر سنووری میھران، یەكێك لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی ئەو سنوورەیە و بووەتە ھۆی ئەوەی بارودۆخی ھەناردەكردنی كاڵا ئاسان بێت".

بەڕێوبەری گشتی گومرگی پارێزگای ئیلام ئەوەشی خستەڕوو: "رۆژانە 800 بۆ 1000 بارھەڵگر لە سنووری میھرانەوە كاڵا لە ئێرانەوە ئاودیوی عێراق دەكەن، ھەر بۆیە بازاری میھران بووەتە ھۆی ئەوەی دەرفەتی كاریش زیاتر بكات".

زیاتر لە 2 ھەزار كرێكار و بازرگان لە سنووری میھران چالاكییان ھەیە.