جەبار یاوەر: جوان نییە پێش وتەبێژی حكوومەت قسە بكەم

كۆبوونەوەكەی سەرۆكی حكوومەتی و وەزارەتی پێشمەرگە مەبەست لێى چی بوو..
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو رایگەیاند، جوان نیە پێش وتەبێژی حكوومەت قسە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بكەم.

پەیامنێری كوردستان 24 لە ھەولێر رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچيرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، لەگەڵ ھەر یەك لە كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوە، وەزیری سامانە سروشتیەكان و پلاندانان و گوتەبێژی حكوومەت بەشداریان لەو كۆبوونەوەدا كرد".

بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و بڕیارەكانی حكوومەت لە بارەی مووچەی پێشمەرگە، ماڵپه‌ڕى كوردستان 24 پەیوەندی بە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە كرد و گوتی: "راستە ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك و جێگری حكوومەت كردووە، بەڵام جوان نیە من پێش وتەبێژی حكوومەت قسە لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بكەم".

ماڵپه‌ڕى كوردستان 24 په‌يوه‌نديكرد به‌ گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فين دزه‌يى، به‌ڵام په‌يوه‌ندييه‌كه‌ى به‌رده‌ست نه‌بوو.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە حكوومەت سەرقاڵی گرێدانی كۆنفرانس و وێركشۆپ و كۆبوونەوەيه‌ بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی دارایی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشیاندا كارەكانی چەند رۆژی رابردوو تاوتوێ دەكەن.