ئەو دزەی دایكی پزیشك و باوكی ئەفسەری پۆلیسە دواى 150 تاوان ده‌ستگيركرا

كورێكی گەنج 150 جار دزی كردووە، بەڵام لە كاتی لێپێچینەوەدا دەردەكەوێت، دایكی پزیشك و باوكی ئەفسەری پۆلیسە.

K24 – تاران:

كوڕێكی گەنج 150 جار دزی كردووە، بەڵام دواى ده‌ستگيركردنى لە كاتی لێپێچینەوەدا دەردەكەوێت، دایكی پزیشك و باوكی ئەفسەری پۆلیسە.

ھێزە ئەمنییەكانی شاری تاران دوو ھەفتە بەر لە ئێستا، لە كاتی گەڕانیان بە كۆڵانەكانی تاراندا چاویان بە كوڕێكی گەنج كەوتووە كە ھەوڵی كردنەوەی ئۆتۆمێلێكى داوە، كاتێك دەیپشكنن، 3 ئامێری كاسێتی ئۆتۆمبێل لە جانتاكەیدا دەدۆزنەوە.

دوای گواستنەوەی بۆ ئیداری پۆلیس و لێپێچینەوە لەگەڵی دەردەكەوێت كە دایكی پزیشك و باوكی ئەفسەری پۆلیسە.

ئەو كوڕە لە دانپیانانەكانیدا گوتی: "چەند مانگێكە گیرۆدەی ماددەی ھۆشبەری شیشە بووم، ھەرچەند دایك و باوكم بە مەبەستی وازھێنانم لە مادەی ھۆشبەر ژنیان بۆ ھێناوم، بەڵام ناتوانم واز لە بەكارھێنانی مادەی ھۆشبەر بێنم، لە پێناو كڕینی ماددەی ھۆشبەر، رووم لە دزیكردن كردووە".

ھەروەھا ئەو كوڕە بە دادوەری گوت: "دایكم پزشكێكی ناودار و باوكیشم ئەفسەری پۆلیسە، بەڵام لە منداڵیەوە بە تەنیا بووم و كەمتر سێبەری ئەوانم لەسەر بووە، بۆیە زۆرجار لە جادە و شەقامەكان خەوتووم".