کۆنگرێس پڕۆژە یاسای سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانى ئۆبامای پەسند كرد

ئۆباما رایگەیاند:" ئەگەر ئەنجوومەنى نوێنەران و پیرانیش بڕیارەکە پەسەند بکەن، مافی ڤیتۆ بە کاردەهێنم بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاساکە".

K24 – واشنتۆن:

کۆنگرێسی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ بە مەبەستی سنوورداركردنی دەسەڵاتی سەرۆك كۆماری ئەمریكا، سەبارەت بە لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران پڕۆژەیەكی پەسند كرد، بەمەش لە رەوتی جێبەجێكردنی لابردنی گەمارۆكانی ئێراندا گرفت دروست دەبێت.

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەی شەفافییەتی یارمەتی دارایی تیرۆریزمیی لەلایەن ئێرانەوە، بە زۆرینەی دەنگ واتا 241 دەنگ لە بەرامبەر 181 دەنگ پەسند كرد. ئەو پڕۆژەیە بارودۆخێكی دژوار بۆ لابردنی گەمارۆ ئابووریی و داراییەكانی سەر ئێران دروستدەكات.

بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیە سەرۆك كۆماری ئەمریكا ناچارە بۆ لابردنی گەمارۆكان لەسەر ناوەندە داراییەكانی ئێران بەڵگەی تەواو لەسەر نەبوونی پەیوەندی ئەو ناوەندانە لەگەڵ گرووپە تیرۆریستیەكان بخاتە بەردەم كۆنگرێسی ئەمریكاوە.

لەبەرامبەردا ئۆباما رایگەیاند:" ئەگەر ئەنجوومەنى نوێنەران و پیرانیش  بڕیارەکە پەسەند بکەن، مافی ڤیتۆ بە کاردەهێنم بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاساکە".

کۆمارییەکانى ئەمەریکا هەڵگرتنى سزاکانى سەر ئێران، بە مەترسی دەزانن لە سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان.